لە کۆڕێکی فەرهەنگی و ئەدەبیدا ، دوویەمین بەرگی کۆمەڵە شیعری مامۆستا مەڵا عەبدولڕەحمان فاتیحی لە ژێر ناوی “کڵپەی دەروون” کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕی ٩٧ی هەتاوی بە ئامادەبوونی بنەماڵەی مامۆستا مەلاعەبدولڕەحمان فاتیحی و بەشێک لە هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی و، هەروەها کۆمەڵێک لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، بەرگی دوویەمی گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی ئەو ئەدیب و تێکۆشەرە، روونوێنی کرا.
لە سەرەتای ئەو کۆڕە فەرهەنگییەدا کە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، خاتوو تریفە فاتیحی کچی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان فاتیحی، وەکوو پێشکەشکار دوای خوێندنەوەی کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو ئەدیب و تێکۆشەرە، سپاسی بەشداریی ئامادەبووانی کرد.
پاشان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کە جیا لەوەی لە دۆستانی هەرە نیزیکی مەلا عەبدولڕەحمان فاتیحی بووە، بۆ بەرگی یەکەمی “کڵپەی دەروون” پێشەکی نووسیوەو لە بەرگی دوویەمیش سەر لەنوێ لە چاپ دراوە، لەسەر تایبەتمەندیی شیعرەکانی ئەو شاعیرە تێکۆشەرە، کورتەیەکی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە ڕاستگۆیی و نیشتماندۆستی و گرینگیدان بە خەڵک و وڵاتی خۆی و پشتبەستن بە گەنجینەی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیی کوردی ، لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی شیعری مەلا عەبدولڕەحمان لە قەڵەمدا.
دوای وتەکانی مامۆستا حەسەنزادە، لە بڕگەیەکی دیکەدا کە تەرخان کرابوو بە خوێندنەوەو ڕاوبۆچوونی بەشێک لە ئەدیبان و قەڵەمبەدەستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەبارەت بە بەرگی یەکەمی شیعرەکانی مەلا عەبدولڕەحمان فاتیحی ، کە لەلایەن قەلەندەر عەزیزیەمەنی خوێنداریەوە.
لەو کۆکراوەدا بەشێک لە شاعیران و نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەمی شیعرەکانی مامۆستا عەبدولڕەحمان فاتیحی، بە سەرنجدان بە فۆرم و ناوەڕۆکی شیعرەکان و هەروەها سەربردەو بەسەرهاتی ئەو شاعیرە تێکۆشەرە، کۆمەڵێک باس و خاڵی پێوەندیداریان باس کردبوو.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە خالید فاتیحی کوڕی مامۆستا عەبدولڕەحمان کە ئەرکی ئامادە کردن و کۆکردنەوەی کۆمەڵە شیعری “کڵپەی دەروون”ی لە ئەستۆ گرتبوو، کورتەیەکی بۆ بەشداران باسکرد.
لە درێژەی ئەو کۆڕە ئەدەبییەدا پێشمەرگە کەیوان عەزیزیەمەنی یەکێک لە شیعرەکانی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمانی بەناوی”گلەیی” پێشکەش بە بەشداران کرد.
دواتر لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەوە، پەردە لەسەر دوویەمین بەرگی “کڵپەی” دەروون” لادراو، هەروەها لە لایەن خێزانی خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولڕەحمان فاتیحی ، چەپکە گوڵێک بە نیشنانەی وەفا و پێزانین بۆ زەحمەتەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە پێشکەش بە بەڕێزیان کرا.
پاشان بە پێشکەش کردنی بەرگی دوویەمی “کڵپەی دەروون” بە ئامادەبووان و هەروەها وتنەوەی دوو مەقام بە دەنگی مامۆستا شەماڵ بابەکر، ئەو کۆڕە فەرهەنگییە کۆتایی پێهات.
شیاوی باسە مەلا عەبدولڕەحمان کوڕی عەبەدولکەریم ، ساڵی ١٩٣٠ی زایینی لە گوندی ئاریاڵی لە ناوچەی گەورکی موکری سەر بە مەهاباد لە دایک دەبێ.
بە منداڵییەوە بنەماڵەکەی روو دەکەن دەڤەری لاجانی پیرانشار و لە گوندی سۆغانلوو لەوێ نیشتەجێ دەبن.
دواتر بۆ خوێندن روودەکاتە گوندەکانی ناوچەی موکریان و لە حوجرەوە بە شیعرو هەستی ئەدەبییەوە خوو دەگرێ.
لە ساڵی ١٣٤٠ وەکوو مەلایەکی ئایینی لە گوندەکانی ناوچە خزمەتی کردوە، بە هۆی نیشتماندۆستییەوە لە سەردەمی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ لە لایەن دەزگای ئەمنی ساواکەوە دەسبەسەر دەکڕی و دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی جەڵدیان.
مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان لە پاش ئازادبوونی پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و، درێژە بە پێوەندییەکانی خۆی دەدا لە گەڵ حیزبی دێموکرات.
شیاوی باسە لە ١٣٥٢ی هەتاوی لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبی دێموکرات وەکوو ئەندامێکی کارای حیزب ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەڕێوە دەبا.
هەروها ئەو ئەدیبە تێکۆشەرە، لە ماوەی ٥دەیە خەبات و تێکۆشان لە ڕێبازی کوردایەتی ، هەم لە سەنگەری شۆرش، پێشمەرگە ئاسا خەباتی کردوە و، هەم وەکوو قەڵەمبەدەستێکی دەروەست و هەست پاراو، باخچەی شیعری کوردی ئاوەدان کردووتەوە.
جێی ئاماژەیە مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان دوای تەمەنێک خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان و بە جێهێشتنی کۆمەڵێک شیعری ڕازاوە، لە ساڵی ١٣٨١ هەتاوی لە ناوچەی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.