پاش داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مانگرتنی کاسبکار و دوکاندارانی ٧ شار، نوێنەرێکی مەجلیسی ئێران ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە ٨٠ هەزار کۆڵبەر بەو بۆنەیەوە بێکار بوون.
رەسووڵ خزری، نوێنەری مەجلیسی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی شورای ئیسلامی پاش ٤ ڕۆژ مانگرتن لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی “خانە ملت” ڕایگەیاندووە: “داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان بووەتە هۆی بێکاریی زیاتر لە ٨٠هەزار کۆڵبەر”.
بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی ئێران کە ٢ مانگ لەوەپێش دەرچووە، کاری کۆڵبەری قەدەخە کرا و هاوکات سنوورە کۆڵبەرییەکانیش داخران کە ئەمەش بووەتە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت شارە سنووریەکانی وەک: “جوانڕۆ، پاوە، نەوسوود، نۆدشە، مەریوان، بانە، سەقز، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، ماکۆ و سەڵماس” و چەندین شاری دیکە کە ماوەی ٥ ڕۆژە هەندێکیان مانیان گرتووە و بە داخستنی بازار و دووکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم فەرمانداریی شارەکان، داوای کرانەوە ئەو سنوورانە و باشترکردنی ڕەوشی ژیانیان دەکەن.
هەروەها لەو بارەوە دامەزراوە و بەرپرسانی حکوومەتی لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ لە هەوڵدان بە بەڵێنی و وادە، خەڵک کۆتایی بە مانگرتنەکان بهێنن و لەو بارەوە ڕۆژی ڕابردوو “سەعید جەلیلی” نوێنەری خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی حکوومەت سەردانی مەریوان و بانەی کرد و ئامانجی کۆتاییهێنان بەو مانگرتنانە بوو کە لە شاری بانە کەوتە بەر ڕەخنەی و گازندەی کاسبکار و کۆڵبەران وگوێ لە قسەکانی نەگیرا و ناوبراویان لە شوێنی کۆبوونەوەکە بەجێ هێشت.