مانگرتن لە کارکردنی دووکانداران و کاسبکاران، کە لە بانە و جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد و لە شارەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە، ئەمرۆ پێنجشەممە لە پێنجەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.
لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی کاسبکاران و دووکاندارانی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆینێ شارەکانی مەریوان، بانە، سەقز، جوانڕۆ، سەردەشت و پیرانشار لە مانگرتندابوون.
دووکانداران و کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی داخستنی سنوورەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک دووکان و بازاڕیان داخستووە و دەڵێن، کە چیتر باوەڕ بە بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتی ئێران ناکەن.
سیمبولی ئەم خولەی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاخستنی سفرەی بەتاڵە لە بەر دەم فەرمانداری ئەو شارانەدا.
دۆینێ چوارشەممە دووکانداران و کاسبکارانی شاری پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێ لە یەکەم ڕۆژی بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا، لە بەردەم فەرمانداری ئەوشارە سفرەی بەتاڵیان ڕاخست، بەڵام ڕاگەیەندرا کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و پاش کۆکردنەوەی سفرەکە دڕاندوویانە.
هەروەها لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشاریش کاسبکاران و دووکاندارانی ئەو دووشارە دەنگی نارەزایەتیی خۆیانیان خستە پاڵ خەڵکی مانگرتووی شارەکانی دیکی کوردستان.
جێیئاماژەیە شەوی ڕابردوو خەڵکی شاری بانە تا درەنگانی شەو لە بەردەم بینای فەرمانداری درێژەیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دا.
هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەردەشتیش دەستیانکردووە بە هەڕەشەکردن لە دووکاندران و هەوڵدەدەن بە زۆرەملی دووکانەکانیان پێ بکەنەوە، بەڵام مانگرتنەکە لەو شارەدا هێشتا بەردەوامە.
مانگرتنەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاودەبێتەوە و بەرفراوانتردەبێ.
لە بەیاننامەکانی کاسبکارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژە بەوەدراوە، کە ئەگەری هەیە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێڕان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە و دانی بەڵێنی دووبارە بە خەڵک سەردانی شوێنی مانگرتنەکان بکەن، پێویستە باوەڕیان پێنەکرێ و تا جێبەجێکردنی داوکارییەکانیان بەردەوام بن لە مانگرتندا، ئەگەریش پێویست بێ مانگرتنەکە ببەنە قۆناغەکانی دیکەشەوە.