خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان، لە درێژەی مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارانی چەند شاری کوردستان لە هەمبەر داخستنی سنوورەکانی کوردستان و کاریگەریی لەسەر بژیوی خەڵکی ئەوناوچانە، بە درکردنی بەیاننامەیەک ،پشتێوانی خۆیانیان لە خەڵکی مانگرتوو دەربڕی.
لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوی خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان بە باس کردن لە ڕەوشی ئابووریی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکاندا هاتووە:
هەروەک کە ئاگادارن ماوەیەکی زۆرە سنوورەکان داخراون و نرخی “گۆمرۆک” لە ڕادەیەکی سەرسووڕهێنەردا بەرز بۆتەوەو ئەمە بۆتە هۆی کزیی لەڕادەبەدەری بازاڕەکانی شارە سنوورنشینەکان، بەتایبەت مەریوان و بانە و جوانڕۆ و بە شێوازی ناڕاستەوخۆیش لەسەر شارە کوردنشینەکانی دیکه کاریگەریی نەرێنی داناوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم دۆخە، کێشەی بۆ ژیانی خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت سنوورنشینەکان کە سنوورەکان تەنیا ڕێگای بژیویی ژیانیانە دروست کردووە؛ هەروەها بە بۆنەی نەبوونی هەلی کار و نەبوونی کارخانە لەم ناوچانە، خەڵک بەناچار ڕوویان کردووەتە کاروباری سنوورەکانەوە. ئێستەش بە بۆنەی داخرانی سنوورەکانەوە، خوانی بازاڕییان و خەڵکی ئەم شارانە خاڵییە و بە واتایەکی تر خەڵک برسییانە.
خوێندکارانی کوردی زانکۆی پەیام نووری مەریوان ڕووبەر خەڵکی کوردستان لەو بارەوە ڕایانگەیاندوە؛
– بە داخستنی بازاڕەکان لە هەموو شارە کوردنشینەکان، پشتیوانیی لە مانگرتنی بازاڕییان لە شارە مانگرتووەکان بکەن.
– چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا (فەرمانبەران و خوێندکاران و…)، بۆ پشتیوانی لەم مانگرتنە، هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن.
– مانگرتووان تا بەدیهاتنی خواستەکەیان، لەسەر مانگرتن و ناڕەزایەتی سوور بن.