دوابەدوای درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیدربڕینی دووکانداران و کاسبکارانی شارەکانی کوردستان لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان و بەستنی ڕێگا کۆڵبەرییەکان ، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک لەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە پشتیوانی کرد.
لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بە دۆخی ئابووریی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان و گوشاری ناوەندە پێوەندیدارەکان لەسەر خەڵکی بێدەرتان و کەمداهاتی کورد و پەنابردنیان بۆ کۆڵبەری و گرفت و مەترسییەکانی سەر چینی چەوساوەی کۆڵبەر ، لەو بارەوە هاتووە:
ئاشکرایە کە ژیانی ژمارەیەکی زۆرلە دانیشتوانی زەحمەتکێشی شار و ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی بەربەرەکانی لە گەڵ هاتنی کەلوپەلی قاچاغدا، سال بە ساڵ توند و تیژی و تاوان و سەختگیریی دژی کۆڵبەران زیاتر کردوە. سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کۆڵبەر و دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان ولە نێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەکخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسکورتی ئەو ناوچانەی داوە.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە خستنە بەرباسی چوارەمین رۆژ, لە مانگرتنی دووکانداران و کەسبکارانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەوە دەڵێن:
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران, مانگرتن و نارەزایەتیدەربڕێنی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکا. ئێمە لە کاتێک دا سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی مانگرتوان دەنێرین، داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانرۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن. پاشەکشەی کاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواکانی مانگرتوان و ناڕازییان، لە گرەوەی درێژەی ئەو حەرەکەتە و پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکە لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان دایە.