کەسایەتی ناسراو و تێکۆشەری دێرینی شاری بانە حاجی کەریم وسووقی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ٩٧ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٣ ساڵەیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی کەریم وسووقی لە تەمەنی لاویەتیەوە تێکەڵ بە ریزی تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی بوو.
بەدوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخستنی کومیتەی حیزب لە شاری بانە ، لە یەکەم گەنجەکانی بانە بوو کە هاتە ریزی حیزب و، دواتر لە بەر وشیاری و چالاکبوونی بوو بە ئەندامی کومیتەی حیزب و، لە تەواوی ماوەی بەرپرساریەتیدا وەک جێگری بەرپرسی کومیتە، دڵسۆزانە ئەرکەکانی بەڕێوە بردوە.
ساڵی ١٣٣٨ بەدوای هێرشی رێژیمی شا بۆ سەر تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە هەموو شارەکانی کوردستان، ناوبراو لە گەڵ زۆربەی ئەندامانی کومیتەی حیزب لە بانە دەستگیر کرا و ، ڕەوانەی زیندانی قەسری قەجەر لە تاران کران.
ئازایەتی حاجی کەریم وسووقی لە زیندان و لە ژێر ئەشکنجەدا، خۆشەویستی ئەوی لە لای هاوڕێیانی زیاتر کردبوو، لە ئاکامی حوکمی دادگا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە.
ئەگەرچی لە بەر هەلومەرجی پۆلیسیی زاڵ بەسەر کوردستان، ناوبراو دوای ئازادبوونی درێژەی بە چالاکی راستەوخۆی حیزبی نەدا. بەڵام هەتا دوا چرکەی ژیانی وەکوو کەسێکی نیشتماندۆست و دێموکرات ویست، جێی رێز و متمانەی خەڵکی شاری بانە بوو.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو وەفایەک بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی، لە سەرجەم خەڵکی شاری بانە و بەتایبەتی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو حاجی کەریم وسووقی سەرەخۆشی دەکا و، خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.