کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، رۆژه‌کانی ٢٥ تا ٢٧ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٩٧ی هه‌تاوی (١٤ تا ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٨ ی زایینی) هه‌شته‌مین پلینۆمی خۆی به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسانی به‌شێک له ئۆرگانه‌کانی حیزب به‌ڕێوه برد.
پلینۆم به ڕاگرتنی خوله‌كێک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان به‌تایبه‌تی شه‌هیدانی ئه‌م دواییانه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌ستی پێ کرد. ئینجا ده‌ستووری کاری پلینۆم پاش گفتگۆیه‌کی کورت به په‌سند گه‌یشت.
بڕگه‌ی یه‌که‌می کاره‌کانی پلینۆم بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی به‌تایبه‌ت له ڕوانگه‌ی ئێران و کوردستانه‌وه و گرینگ‌ترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حیزبی ئێمه له بواری به‌رنامه‌ڕێژیی سیاسی له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵی هێناونه‌وه، ته‌رخان کرابوو. ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ش له دووتوێی راپۆرتێک‌دا خرابووه روو که سکرتێری گشتیی حیزب، کاک مسته‌فا مه‌ولوودی پێشکه‌شی پلینۆمی کرد و پاش باس و گفتگۆ له‌باره‌یه‌وه وه‌ک ڕوانگه و خوێندنه‌وه‌ی ڕێبه‌ریی حیزب به په‌سند گه‌یشت. گرینگ‌ترین خاڵه‌کانی جێی سه‌رنج له‌و ڕاپۆرت و خوێندنه‌وه‌یه‌دا به‌م جۆره بوو:
١/ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باردودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له‌م دواییانه‌دا زۆر باس له گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنێکی هه‌مه‌لاگیر بۆ کۆتایی هێنان به کێشه‌کان به‌تایبه‌تی قه‌یرانی سوریه کراوه و، سه‌رباری لاوازبوونی داعش له ناوچه‌دا، هێشتا لێکگه‌یشتن و لێک نزیکبوونهوهیهكی ڕاسته‌قینه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی سه‌باره‌ت به ئایندهی ناوچه به‌تایبه‌ت سووریه که زۆر له ڕکابه‌رییه جیهانی و ئیقلمییهکانی له خۆیدا چڕ کردۆته‌وه دروست نه‌بووه و وێ ناچێ له ئاینده‌یه‌کی نزیکیشدا دروست بێ. له‌و نێوه‌دا به‌له‌به‌رچاوگرتنی گورزی نیزامیی ئه‌مریکا و بریتانیا و فه‌ڕانسه به‌هۆی به‌کارهێنانی چه‌کی شیمیایی له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له هێندێک له بنکه نیزامی و ستراتژییه‌کانی ئه‌و حکومه‌ته، هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ی ڕۆژئاواییه‌کان له‌و مهوریدهدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر نفوزی لایه‌نه‌کانی پشتیوانی ئه‌سه‌د به‌تایبه‌تی کۆماری ئیسلامیش ده‌بێ، ئاقارێکی نوێ و شیاوی سه‌رنجه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌هۆی به‌رده‌وامیی ده‌ستێوه‌ردان و سیاسه‌تی تێکده‌رانه‌ی رێژیم له ناوچه‌دا حکومه‌تی ئه‌مریکا فشار و هه‌وڵه‌کانی به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه به ڕێککه‌وتنی به‌رجام و چوارچێوه‌دارکردنی پرۆگرامی بالیستیکیی ئێران و سنووردارکردنی مانۆڕه‌کانی ڕێژیم له ناوچه‌دا زیاتر کردووه. حاشای لێ ناکرێ که هه‌موو ئه‌مانه ده‌توانن ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ خه‌ڵکی ئێرانیش دروست بکه‌ن که په‌ره به ناڕه‌زایه‌تی و خۆرێکخستنیان به‌دژی رێژیم بده‌ن. سه‌رباری ئه‌وه‌ش نابێ هاتنه مه‌یدانی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر رێژیم ته‌نیا به مشت و مڕی نێوده‌وڵه‌تی ببه‌ستینه‌وه: ئه‌م ئاقاره نوێیانه که به‌خۆشییه‌وه له سیاسه‌تی ئه‌مریکا و به‌شێك له ڕۆژئاواییه‌کان له به‌رامبه‌ر ئێران و هێزه‌کانی جێگای حیمایه‌تی ڕێژیم‌دا به‌دی ده‌كرێ، پێویسته له خانه‌ی گشتیی قه‌یران و ململانێ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کاندا به‌تایبه‌تی له مامه‌ڵه‌ی نێوان ڕووسیه و ئه‌مریکاشدا چاو لێ بکرێ و جارێ به‌شێوه‌ی پێشوه‌خت ناتوانین بڵێین که ئه‌مه سه‌ره‌تای سیاسه‌تێکی مونسه‌جیم و بێگه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆژئاوا چ سه‌باره‌ت به سوریه و چ به‌تایبه‌تی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران دایه.
٢/ سه‌باره‌ت به بارودۆخی نێوخۆیی ئێران، به‌هۆی سیاسه‌ت و ره‌فتاری حکومه‌تی خۆسه‌پێن و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی، جیا له تاقمێکی که‌م نه‌بێ که به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ل ئه‌و نیزامه گرێ دراوه، بارودۆخه‌که هیچ له قازانجی خه‌لکدا نه‌گۆڕاوه. خه‌ڵک نه‌ك هه‌روه‌ک پێشوو له‌گه‌ڵ نه‌بوونی ئازادی و دێموکڕاسی و قه‌یرانه ئابووری و کۆمهڵایهتییهكان به‌ره‌وڕوون، به‌ڵکوو به‌هۆی وه‌رشکست بوونی ناوه‌نده داراییه‌کان و شکانی نرخی دراو و گرانی و بێکاریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێرانی بۆ ژێر هێڵی هه‌ژاری دابه‌زیون. ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که سه‌روه‌ت و سامانی وڵات هه‌روه‌ک پێشوو له ماجهراجوویییه ناوچه‌ییه‌كانی رێژیم سه‌رف ده‌کرێ و خه‌ڵک به‌ته‌واوی له ده‌وڵه‌تی ڕووحانی و به‌گشتی له هه‌رچه‌شنه ئیسلاح و کرانه‌وه‌یه‌کی نیزام و باشبوونی بارودۆخیان نا‌ئومێد بوون. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کرد که له چه‌ند مانگی ڕابردوو به‌تایبه‌تی له مانگی به‌فرانباردا شه‌پۆلێکی نوێی ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی خه‌ڵکی ئێران به‌دژی رێژیم وه‌ڕێ بکه‌وێ. حه‌ره‌که‌تی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک هه‌م له‌ڕووی نه‌ترسیی خه‌ڵک و راشکاویی دروشمی خۆپێشانده‌ران و تێپه‌ڕینیان له کۆی رێژیم و هه‌م له‌ڕووی پانتایی جوغرافیایی و گشتگیر بوونیان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناره‌زایه‌تییه‌کانی پێشوو زۆر جیاواز و ده‌توانین بڵێن بێوێنه بوون. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ که ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته راپه‌ڕێنێکی سه‌رتاسه‌ری یا لانیکه‌م پاشه‌کشه‌ی جیددی به رێژیم بکا، هێشتا کۆسپی گه‌وره‌ی له‌پێشه و پێویستیی به زۆر فاکته‌ر له‌بواری ڕوونبوونی ئامانج و ئاقاری بزوتنه‌وه‌که و هه‌بوونی ئادره‌س یا جه‌مسه‌رێکی هیدایه‌تکردنی بزوتنه‌وه و ڕاکێشانی پشتیوانیی چین و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه و سه‌رنجی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی بۆ پێشگیری له سه‌رکوتی خوێناوی هه‌یه.
٣/ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینی خه‌ڵکی ئێران له گۆشه و که‌ناری وڵات به‌شێوه‌ی که‌موێنه په‌ره‌ی گرتووه، به‌ڵام له گوتار و ڕه‌فتاری کاربه‌ده‌ستانی رێژیم ڕا هیچ وێ ناچێ که ئه‌وان په‌یامی خه‌ڵکیان بیستبێ یان بیانه‌وێ بیبیستن. ڕاسته که له‌و ماوه‌یه‌دا هێندێک دیارده‌ی وه‌ک ئهحمهدینژاد له کایه سیاسییه نێوخۆییه‌کانی رێژیم‌دا زیاتر له رابردوو جه‌نجاڵی دروست کردووه و ده‌توانێ رێژیم تووشی چالشی جیددی بکا، به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی کارنامه‌ی سه‌رکرده‌كانی باڵه‌کانی رێژیم و هه‌ڵوێستیان له‌و کاتانه‌دا که خه‌ڵک بۆ ماف و ئازادییه‌کانیان له مه‌یداندا بوون؛ پێویسته بگوترێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شه‌ڕی لاباڵه‌کانی رێژیم ته‌نیا شه‌ڕی زێڕنگه‌ری نیه، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕانه شه‌ڕی خه‌ڵکیش نین. هه‌ربۆیه خه‌ڵک نابێ به ته‌مای باشتر بوونی بارودۆخیان له ئاکامی سه‌رکه‌وتنی لایه‌نێکی نێو ڕێژیم به‌سه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌دا بن و پێویسته ته‌واوی رێگا سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان له به‌رامبه‌ر ته‌واوه‌تیی ڕێژیم‌دا به‌كار بێنن. ئه‌گه‌ریش هێندێك روخسار و لایه‌نی نێو رێژیم به‌ڕاستی بۆ دیفاع له ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر سهرهڕۆییدا وه‌ستانه‌وه، ئه‌و کاته خه‌ڵک ئه‌و سیاسه‌ت و ڕه‌فتاره ده‌گرنه پێش که زۆرترین قازانجی به سه‌رخستنی بزوتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێ.
٤/ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که سیاسه‌تی سه‌رکوت و مه‌حروومکردن له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه ده‌رهه‌ق به کوردستان وه‌ک پێشوو به‌رده‌وامه ئه‌گه‌ر خراپتریش نه‌بووبێ، به‌وحاڵه‌ش خه‌ڵکی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی هیوابه‌خش هه‌روا خۆڕاگر و له‌مه‌یدان دان. له‌و نێوه‌شدا شعووری مه‌ده‌نی و نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر ڕۆژ ڕوو له‌زیادبوونی خه‌ڵکی کوردستان که له هاوپێوه‌ندیی خه‌ڵک له کاتی بوومه‌له‌رزه‌ی ناوچه‌ی کرماشان و به‌رزڕاگرتنی رێوڕه‌سمه نهورزۆرییهکان و زۆر حه‌ره‌که‌تی بچووک و گه‌وره‌ی وه‌ک مانگرتنی هه‌ر ئێستا له ئارادای خه‌ڵکی ناوچه سنوورییه‌كاندا خۆی نیشان داوه، جێگای ده‌سخۆشی و ڕێزلێنانه. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای له‌بیربوون و به‌جێگه‌یاندنی ڕیساله‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی، وه‌ک هه‌میشه متمانه‌به‌خشی و پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکیی مه‌ده‌نیی نیشتمانپه‌روه‌رانی نێوخۆ ده‌رده‌بڕێ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه که پێویسته یارمه‌تی به به‌هێزبوونی به‌ستێنی مه‌ده‌نیی خه‌بات و ڕێكار و پێویستییه‌کانی ئه‌و به‌ستێنه بدرێ.
٥/ سه‌باره‌ت به ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ده‌زانین که هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌هێز و ئهلترناتیڤێكی جیددییه. به‌داخه‌وه په‌رش و بڵاوی و نالێكیی هێزه‌کانی ئێرانی ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه. به‌وحاڵه‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی هه‌ستیاری ئێستا و زه‌رووره‌تێک که له‌و بواره‌دا له گۆڕێیه، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ماوه‌ی نێوان دوو پلینۆم‌دا یارمه‌تیده‌ری پێکهاتنی چوارچێوه‌یه‌کی هاوکاری به‌ناوی شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران بووه که ده لایه‌نی سیاسیی سه‌رتاسه‌ری و سه‌ر به پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران له خۆی ده‌گرێ. هه‌ر له‌و بواره‌دا حیزبی ئێمه له‌گه‌ڵ کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی دیکه‌ی یه‌کخستنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییش له گفتگۆدایه و له‌و باوه‌ڕه دایه که پێویسته له کۆی ئه‌م سازوکارانه ئادره‌س و ئه‌لترناتیڤێکی به‌هێز که نوێنگه‌ی واقعیات و خواستی پێکهاته‌کانی نێو ئێران بێ شکڵ بگرێ.
٦/ سه‌باره‌ت به هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، فه‌سڵی تازه‌ی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ئه‌م هێز و لایه‌نانه له یه‌ک ساڵی ڕابردوودا و به‌تایبه‌تی پێکهاتنی ناوه‌ندی هاوکاریی هێزه‌کانی کوردستانی ئێران به‌رز ده‌نرخێنین و به سه‌ره‌تایه‌كی باش له هاوخه‌باتی و یه‌کگرتنی ئه‌و هێزانه‌ی داده‌نێین. هاوکات به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین که ئه‌م جۆره هاوکاری و چوارچێوهسازییانه ته‌نیا کاتێك ده‌توانن به‌رهه‌می ڕاسته‌قینه‌یان بۆ خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵات هه‌بێ که هه‌م زیاتر به کۆمه‌ڵگه‌ی نێوخۆی وڵات و واقعییه‌ته‌کانی ئه‌وێ وه‌سڵ ببنه‌وه و هه‌م ڕێکاری به‌کرده‌وه‌یان بۆ یه‌کخستنی هێز و که‌ره‌سته‌ی خه‌بات چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا و نه‌هادینه‌بوونی زیاتری یه‌كگرتنی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی لێ بکه‌وێته‌وه.
٧/ سه‌باره‌ت به بارودۆخی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، دوایین ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی هه‌رکام له‌و پارچانه به جێگای نیگه‌رانی ده‌زانین و هیوادارین که کوردی هه‌ر پارچه‌یه‌ک و به‌گشتی کوردی هه‌موو پارچه‌کان چه‌ندی ده‌کرێ به یه‌كگرتوویی و هه‌ماهه‌نگییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گهلهکۆمهگییه ببنه‌وه که ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا به‌به‌رچاوی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له بێده‌نگیی بیروڕای گشتیی جیهانیدا بۆ سه‌ر هه‌موو کوردیان ده‌ست پێ کردووه. له‌باره‌ی باشووری کوردستانه‌وه، لهدهستچوونهوهی به‌شێک له ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و به‌شه له کوردستان به ڕاده‌یه‌کی زۆر بۆ نایه‌كگرتوویی هێز و لایه‌نه‌کانی باشوور ده‌گه‌ڕێته‌وه و هیوادارین له‌و قۆناغه‌دا که قۆناغی خۆڕێکخستنه‌وه‌ی کوردی باشوور و ده‌سپێکردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدایه، ڕکاربهریی سیاسیی نێوخۆیی له‌وه زیاتر درز نه‌خاته ئاقاری ستراتژیی کوردی ئه‌م به‌شه له کوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌کان پێكه‌وه کار بۆ ئاشتبوونه‌وه و دروستکردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی پاراستن و پهرهگرتنهوهی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن. سه‌باره‌ت به باکووری کوردستان، درێژه‌ی بارودۆخی نائاسایی و ده‌ستگیرکردن و فشارهێنان بۆ سه‌ر رێبه‌ران و چالاکانی مه‌ده‌نی و پارلمانیی کورد له تورکیه جێگای نیگه‌رانییه و هیوادارین هه‌موو لایه‌نه‌کان به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و بواره که بۆ دیالۆگ و چاره‌سه‌ری سیاسی دروست ببوو، شانسێكی دیکه به ئاقاری هێمنانه و ئاشتییانه‌ی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان ببه‌خشنه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هێرشی ده‌وڵه‌تی تورکیه بۆ سه‌ر عه‌فرین و داگیرکرانی ئه‌وێ و بێده‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و دروستبوونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر کۆی ئه‌زموونی کورده‌کان له رۆژئاوا ناڕه‌وا و جێگای نیگه‌رانییه، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین که ده‌بووایه کورده‌کانی ئه‌وێش به‌بێ خۆگرێدانهوهی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه به په‌که‌که به‌ستێنێک دروست بکه‌ن که هه‌موو لایه‌نه‌کان به یه‌كگرتوویی و به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ستیاری و تایبه‌تمه‌ندیی دۆخی ئه‌وێ ئاقاری سیاسیی خۆیان دیاری بکه‌ن.
سه‌باره‌ت به کۆی بزوتنه‌وه‌ی کورد، پلینۆمی هه‌شته‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خته‌دا که بۆ سه‌رجه‌م کورد هاتۆته پێش، هه‌ر جۆره هه‌وڵێک بۆ له‌یه‌كتر کۆکردنه‌وه و تێگه‌یشتن و ڕێكکه‌وتنی هێزه‌کانی کوردستان زه‌روور و شایانی پێشوازی لێکردنه، به مه‌رجێک مه‌به‌ست و ئاجێنداکهی له‌ژێر هێژێمۆنی هیچ لایه‌نێک نه‌بێ و متمانه‌ی هه‌موو لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد وه‌ده‌ست بێنێ. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان تایبه‌تمه‌ندی و پێویستیی خۆی هه‌یه و له تهنزیمکردن و بردنه پێشی ئاجێندای خه‌باتدا هه‌ر پارچه‌یه‌ك پێویسته بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی خۆی بکا. له‌هه‌رحاڵدا، وێڕای گرینگیی هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگری له‌سه‌ر پره‌نسیپی ڕۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری ده‌کا و به ڕاشکاوییش هه‌ر چه‌شنه ده‌ستێوه‌ردان و کۆسپ داتاشینێکی هێزی پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان بۆ سه‌ر خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵات ره‌ت ده‌كاته‌وه و نیشتمانپه‌روه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی لاوانی خوێنگه‌رم له سیاسه‌تی له په‌راوێزخستنی ڕۆژهه‌ڵات له رێگای پرسی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئاگادار ده‌کاته‌وه.
له بڕگه‌ی دووه‌می کارهكانی هه‌شته‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، هه‌یئه‌تی رێبه‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ دانوستانی یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی دێموکڕات ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی ڕه‌وتی وتووێژه‌کان و نێوه‌رۆکی ئه‌و پڕۆژانه‌ی هه‌تا پێش کۆنگره‌ی حدکا هه‌یئه‌ته‌کان تاوتوێیان کردبوون، خسته ڕوو. له‌و به‌شه‌دا پلینۆم وێڕای ده‌سخۆشی له هه‌یئه‌تی حیزب و به دروست زانینی سیاسه‌تی په‌یڕه‌وکراوی تا ئێستای حیزب له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که تا ئێستا له ته‌فاهومی نێوان دوو لایه‌ندا وه‌دی هاتوون به‌رز نرخاند و قامکیشی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه دانا که هێشتا وه‌ک کۆسپ له‌سه‌ر به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی کۆتایی گفتگۆکان ماون. له ئه‌نجامی ئه‌و باس و خواسه‌دا، پلینۆم هه‌یئه‌تی حیزبی راسپارده‌وه که وتووێژه‌کان که ماوه‌یه‌ک بوو به‌هۆی گرتنی کۆنگره‌ی حدکا و دروستبوونی پرسیار له‌سه‌ر بڕیار و ئاکامه‌کانی ئه‌و کۆنگره‌یه بۆ سه‌ر ڕه‌وتی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دێموکڕات ڕاوه‌ستابوون، له‌به‌ر رووناکایی ڕێنوێنییه‌کانی رێبه‌ریی حیزب درێژه پێ بده‌ن.
بڕگه‌ی سێهه‌م و کۆتایی ده‌ستووری کاری پلینۆم بریتی بوو له هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ته‌شكیلاتی و کار و تێکۆشانی حیزب. له‌و بڕگه‌یه‌دا سه‌ره‌تا هه‌ڵسه‌نگاندنێکی کار و چالاکیی حیزب له ماوه‌ی نێوان دوو پلینۆم چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرا و وێڕای ده‌سخۆشی له تێکۆشه‌ران و ئۆرگانه‌کانی حیزب له هه‌موو به‌شه‌کاندا، خاڵه به هێز و لاوازه‌کان دیاری کران، هه‌روه‌ها به‌له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی تایبه‌تیی ئێستا و ده‌رفه‌ت و ڕێکاره‌کانی به‌رده‌ست به‌رنامه‌ڕێژیی پێویست بۆ کاروباری حیزبی له‌مه‌ودوا له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی ته‌شکیلاتی و پێشمه‌رگانه و دیپلۆماسی و مێدیایی و … هتد و چۆنیه‌تیی باشترکردنی ئه‌م کاروباره کرا و وه‌ک ڕێنمایی درایه‌وه به ده‌فته‌ری سیاسی. دواتر وه‌زعیه‌تی ته‌شكیلاتیی حیزب و کۆمه‌ڵێك گیروگرفت له‌و به‌ستێنه‌دا خرانه‌به‌ر باس که پاش گفتگۆیه‌کی ورد و به‌رپرسانه، مێکانیزم و ڕێگاچاره‌کانی که‌مکردنه‌وه له‌و گیروگرفتانه قسه‌یان لێ کرا.
به‌مجۆره پاش سێ رۆژ کاری به‌رده‌وام، هه‌شته‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به هیوای گوڕ و تین به‌خشینی زیاتر به تێکۆشانی حیزبی دێموکڕات و به‌گشتی سه‌رکه‌وتنی کاروانی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٨ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٩٧ (١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨)