لە دوای ڕاگەیاندنی کەمپەینێک لەلایەن چالاکانی سیاسیو مەدەنی بە ناوی مانگرتنی سەرانسەری لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ، کە لە دژی داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە داخراوە، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری جوانڕۆ دووکانداران ،دووکانەکانیان داخستووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی و لە بەر دەم فەرمانداری ئەو شارە کۆبوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە شاری بانەش بە هەمانشێوە دووکان و بازار بە گشتی داخراونو خەڵک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی لە هەمبەر داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان سفرەی بەتاڵیان لەسەر شەقامەکان ڕاخستووەو بە دیارییەوە دانیشتوون، وەک نیشانەی دۆخی خراپی ژیانی خەڵک لە بێکاری و دەستتەنگیدا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ١٤ی ئەم مانگەدا لە شارەکانی جوانرۆو سەقز مانگرتنی دەکاندارانو کاسبکاران لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان بەڕێوەچوو، هەروەها لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی رابردوو لە شارەکانی بانەو پیرانشار چەند ڕۆژێک کاسبکاران مانیان گرت لە مەڕ داخرانی سنوورەکان.