بۆ گەیاندنی پەیامی پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاو رۆژی هەینی لە شاری شنۆ گەشتێکی شاخەوانی رێکخرا. زیاتر لە ٢٠ گرووپ و ٣٠٠ شاخەوان لە ٦ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێیدا بەشداربوون. شاخەوانان داوا لە خەڵک و دامەزراوە حکوومییەکان دەکەن گرنگی زیاتر بە پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاو بدەن کە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی.
شاخەوانانی شەش پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەیانی رۆژی هەینی خۆیان گەیاندە دامێنی چیای رندۆڵەی شنۆ. شاخەوانانی ورمێ، سنە، کرماشان، تەورێز، زەنجان و ئەردەبیل گەشتێکی هاوبەشی شاخەوانییان ئەنجامدا.
ئەو شاخەوانانەی بە چیای رندۆڵەدا هەڵگەران، جگە لە وەرزش، پەیامی پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاویشیان پێبوو. ئەوان دەڵێن تێکدانی ژینگە بە جۆرێک بەرەوپێش دەڕوات کە نیگەرانن شوێنە دەستلینەدراوە سروشتییەکانیش بکاتە قوربانی.