لە قەڵای دێموکرات رۆژیادی ٢٢ی خاکەلێوە کە هاوکاتە لەگەڵ دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بەرز ڕاگیرا.
پاشنیوەڕۆی چواڕشەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو یادە، واتە ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، یادوناوی دامەزرێنەران و تێکۆشەرانی ئەو ڕێکخراوەیە کە یەکێکە لە یادگارەکان و دەسکەوتە بەنرخەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان کرایەوە.
ئەوڕیوڕەسمە کە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسەر دەستی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان`، بە تایبەتی لاوانی شەهیدی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان پێشکەشکار جیهان بێتووشی کورتەیەکی لەو بارەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا پیشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوان، لەسەر ٧٥مین ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و کۆمەلێک بابەتی دیکە بۆ ئامادەبووان قسەی کرد.
پێشەوا عەلیپوور لە دەسپێکی قسەکانیدا بە ئاوردانەوە لە مێژووی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات ، وەکوو زەروورەتێکی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی سازمانی جەوان و ٧٥ساڵ لەمەوپێش ، لەو بارەوە هەست بە پرسیاریەتی و خەمخۆری و ژیری سیاسیی دامەزرێنەرانی ئەو ڕێکخراوەیە بەرزنرخاند.
سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشەوا عەلیپوور، لەدرێژەی قسەکانی بە باسکردن لە باردۆخی سیاسی ئێستاکەی جیهان و ناوچەو، کاریگەرییەکانی بەسەر خەبات و بزووتنەوەی گەلی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە گرینگی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی کردو لەو بارەوە وتی: ئێستاکە نەزمی جیهانی گۆڕاوە و دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاڵۆزیدایە و بلۆکبەندییەکان بە مەبەستی سەپاندنی هێژمۆنی و داگیرکردنی خاک ، گەیشتووتە لووتکە، لەو قوناخە نالەبارەدا ، دوژمنە ناکۆکەکانی کوردش لەسەر حیسابی کورد یەکیان گرتوەو دیانهەوێ لە چەند قوناغدا چۆک نە ناسیونالیزمی کورد دابدەن. لە لایەک کەرکووک و لە لایەک عفرین ، ئێستاکەش چیاکانی قەندیل و هەڵگورد و فازی کۆتایی ئەو گەلەکۆمە ئیقلیمیەش تیرۆری تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتە .
لە درێژەی قسەکانی پێشەوا عەلیپوور ڕووبە لاوانی خوێنگەرمیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی ئەو یەکیەتییە لە نێوخۆ وڵات هاتبوو:
ئێستاکە لە سەردەمێکداین کە کۆماری ئیسلامی بە تیرۆر و تۆقاندن دەیهەوێ ئیرادەی خەبات و تێکۆشانمان لاواز بکا، بەڵام نازانێ ئیرادەی لاوانی کورد رۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبێ، کۆماری ئیسلامی لە یەکهەڵویستی و یەکرێزی ئێوەی لاوانی کورد نیگەرانە و ترسی لە وەحدەتی کورد و نەهادینە بوونی سیمبۆلە نەتەوەییەکان لە هەرچوار ئۆستانی ئیلام و کرماشان و سنە و ورمێ وایکردوە کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە لاوانی شۆڕشگێڕ لە نێو زیندانەکاندا شەهید بکا، شەهید تالب بەساتیوەند نموونەی ئەو لاوە شۆڕشگێڕانەی دێموکراتە لە ئێلامی دێرین ، کە بەتاوانی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە ناو زیندان شەهید دەکرێ.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە پێشمەرگەی هونەرمەند شۆڕش ئەڵڵاوەیسی ئیستنداپێکی پێکەناویی بەڕێوە برد و بزە و پێكەنینی لەسەر لێوی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە نەخشاند.
دوابەدوای ئەو بڕگەیە ڕێبوار حەسەنی بە هاوکاری ئارام ئیزەدپەناهـ سروودێکی شٶرشگێڕانە پێشکەش کرد.
لە بڕگەیکی دیکەی ڕێوڕەسمی تایبەت بە رۆژی ٢٢ی خاکەلێوە ، کۆمەلێک برووسکە و پەیام و تاجە گوڵینەی لە لایەن ڕێکخراوەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان پێشکەش بەو یادە کران و هەروەها پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن “موژگان عەلیپوور”وە خوێندرایەوە
لە پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی کردن لە لاوانی دێموکرات و سەرجەم لاوانی کوردستان، هەروەها بە چاوخشاندنێک بە ڕەوشی ئێستای لاوان لە ئێران و کوردستان هاتبوو:
بەداخەوە لاوانی ئەمڕۆی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، نەک تەنها هەوڵ بۆ کەڵک وەرگرتنی توانا و هێزی لاوان نادرێ ، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک پێش لە گەشەی فیکری و فەرهەنگی و کەلتووری و سیاسیانەیان دەگیردرێ و ، لەو پێناوەش، جۆرها سیاسەتی قیزەوەن دادەڕێژێ، لەوانەش دیاردەی ئیعتیاد ، بێکاری و برسیکردنی خەڵک و هتد… تاکوو لاوان لە گۆڕەپانی سیاسەت دوور بخاتەوەو بە گرفتی رۆژانە سەرقاڵیان بکەن.
لە بەشی کۆتایی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا هاتبوو: پێویستە لاوان، ژنان و خوێندکارانی و چین وتوێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش دەست لەناو دەست تێبکۆشن تاکوو بە ماف و داخوازییە ڕەواکانی خۆیان بگەن، ئەمەش پیویستی بە هاوکاری و پشتیوانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانە، لەو پێناوەشدا هاوئاهەنگ بوون و هاوکاری ڕێکخراوەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت.
دوای پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، هێمن کەریمی بە هاوکاری کۆڕی هونەری حێزب، گۆرانییەکی پیشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆمی ٧٥ ساڵەیی ئەو یەکیەتییە لە لایەن بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێک لە هاوکارە هەرەنیزیکەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژاندەوە و، بەو جۆرە یەکیەتیی لاوان پێ نایە ٧٦ ساڵەییەوە .
لە درێژەی ڕێوڕەسمی تایبەت بە یادی ٧٥ ساڵەیی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، شانۆیەکی تەوساویی بەرهەمی کۆڕی هونەری حیزبی دێموکراتی کوردستان . نواندراو، بەو جۆرە کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.