مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆڵنی ئەڵمان خەڵاتی ساڵی ٢٠١٨ی خۆی پێشکەش بە هونەرمەند، خەلیل غەمگینی کرد.
ڕێوڕەسمی دابەشکردن و بەخشینی خەڵاتەکە دوێنێ شەممە 2018/ اپریلی/7 لە شاری کۆڵنی ئەڵمان بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ماملێ، بەشێک لە ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و کوردانی ڕەوەند و نیشتەجێی ئەڵمان بەڕێوە چوو کە تێیدا نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، کاکشار ئورەمار، جەلیل گادانی، کەسایەتی و چالاکوانی سیاسی بەشدار بوون و ئەو خەڵاتە بەخشرایە هونەرمەند خەلیل غەمگین.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ ساڵی 2009ی زایینی لە لایەن بنەماڵە و کەسوکارییەوە دامەزراوە، ماوەی نۆ ساڵە خەڵاتی ماملێ بە هونەرمەندانی ناسراو و ناوداری کورد دەبەخشێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا هونەرمەندانی وەک: “قالە مەڕە، نایف شێخانی، عەباس کەمەندی، ناسر رەزازی، عەزیز شاهڕۆخ، زۆزان لە باکوور، تیپی مۆسیقای سلێمانی و مەزهەر خالقی” ئەو خەڵاتەیان پێشکەش کراوە.