کۆبوونەوەیەک لە شاری هەولێر بۆ مەحکومکردنی ئێعدامی مەنسوور ئاڕوەند بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی جۆزەردان لە پارکی شانەدەرو بە دەستپێشخەریی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان بەڕێوەچوو، ئیعدامی مەنسوور ئاڕوەند، تازەترین شەهیدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی مەحکوم کرا.
ئەو رێوڕەسمە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهید مەنسوور ئاڕوەند دەستی پێکردو پەیامی بنەماڵەی ئاڕوەند لەلایەن سیروان ئاڕوەند، برای شەهید مەنسور بە تەلەفوون خوێندرایەوە. پاشان بەیاننامەی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان لەلایەن فوئاد زیندانی، سەرۆکی فیدراسیۆنەوە پیشکەشکرا.
خوێندنەوەی پەیامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن برایم زێوەیی، نوێنەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هەولێر، پەیامی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن سۆما عەلی، خوێندنەوەی پەیامی ” لویس ئایالا ” سکرتێری گشتیی ئینتەرناسیونال سۆسیالیست بۆ خالید عەزیزی بەبۆنەی شەهیدکرانی مەنسوور ئاڕوەند لەلایەن پێشەوا عەلیپوور، پەیامی تەڤگەری ئازادی لەلایەن ” تارا حسێن” چەند بڕگەیەکی ئەو کۆڕیادە بوو..
شایانی باسە لە بەیاننامەی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستاندا کە لەو کۆڕیادەدا خوێندرایەوە هاتبوو کە حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشدا خۆیان ڕێک بخەن و چیتر لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ وەڵام نەهێڵنەوە.
مەنسوور ئاڕوەند، تازەترین شەهیدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕۆژی ٢٤ ی جۆزەردان لە زیندانی میاندواو لەدار درا. ئەو ساڵی ١٣٩٠ بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕات گیراو بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.