هێزێکی چەکدار لە سووریە بە ناوی ”بەرگریی ئیسلامی“ لە سووریە بەرەیەکی شەڕ لە دژی هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریە، پێک دێنێ.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەلعالەمی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کە هۆزی “بەکارەی حوسەینی” و “لەشکری باقر” بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاریان داوە لە ناوچەکانی پارێزگاکانی حەلەب، دێرەزوور و حەما شەڕ لەگەڵ هێزە ئەمریکا بکەن.
چەکدارانی هۆزی بەکارەی حوسەینی و لەشکری باقر راستەوخۆ سەر بە ”بەرەی بەرگریی ئیسلامی“ن، کە ئێران سەرپەرستی دەکا و چەند گرووپ و میلیشیایەکی دیکەش لەخۆ دەگرێ.
لشکری باقر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەو زووانە شەڕ لە دژی هێزە ئەمریکییەکان و ”هەموو ئەوانەی هاوکارییان دەکەن“، خەڵکی ئەو ناوچانەیان وریا کردووەتەوە کە لە بنکە و هێزە ئەمریکییەکان دوور بکەونەوە.
لەشکری باقر لە چەکدارانی هۆزی بەکارەی حوسەینی پێکهاتوون، کە لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە پشتگیریی خۆیان بۆ رێژێمی سووریە ڕاگەیاندووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی نیزامییان دەکا و پێوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای لوبنان، هەیە.
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رێژێمی سووریە دروست بووە، زیاتر لە٥ میلیۆن هاووڵاتیی لە نێوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو میلیۆن کەسیش کوژراون.