هیچ شوێنێک وەک ئێرە نیە!
زەراتخانەی مرۆڤە شیمیاییەکان
نەسڵێک پڕ لە گازی ئەعساب
دەستێک پڕ لە گلوولەی پلاستیکی
هەناسەیەک لە تەنافی خەفەوبوون و
ژنێک دووگیان، بەخیاڵی قوورسی خۆکوژی
ئەم شارانە ژهری دووکەڵە
بەرماوی شامێکی دیپلۆماسی،
لەکرانەوەی پەنجەرەی کاپیتالیستەکان ئەچێ بەڕێوە
بۆگەنی بەیانی زووی جگەرەکێشەکانی مافیا
بەجێماو، لەقوومارخانەی دۆراندنی نەسڵکووشی سنوورەکان
ئەمانەحاکمی شەریعەتی شەرن،
لەژووری لێکۆڵینەوەی سەرۆک کۆمارە ئەحمەقەکان
فریشتەی پۆمپاژی باڕووتی سوور،
لەنەخی دۆلاری ئامریکایی
بۆ واژۆیەک لەسەر پەیکەری بەرد،
ئەڵێن بۆ ئاشتی جیهان!؟
لە حەرامسەرای “سازمانی ملل”
لەپێش چاوی مرۆڤەکان،
ساڵی جارێک، نەفرەتییە پەککەوتووەکان کۆئەبنەوە
تیایاندایە،
حەرامزادەی دیکتاتۆر!
ئەگەر خەتی سەر نەخشەی جیهان بژمێری
ئاپارتمانی شارە گەورەکان
سەرێک لە ئینسانەئازمایشگاییەکان هەڵێنی
تەسادوفی بۆ خۆکوشتن !
گلوولەی کارخانەی ئەسڵەحەسازی بتەقێنی
ئەوکات ئەزانی،
گەمژەترین لە هەموو سەدەکانی ڕێنێسانسی عاقڵ بوون
بە بەهانەی شەری دیموکراسی
سیفۆنی توالتەکان ئەکێشین
ژوورەکانمان پڕە لەدەرمانی کوشتارگای مرۆڤایەتی
منداڵ بەبێ هۆشی دێتە دنیا !
شارەکانمان دارستانێکە بێ یاسا
هێندەی حەیوانێک لە حقووق بشر نازانین
چاولێبکەن….،
لە ” بی بی سی”،
لە ڕۆژنامەی ” تایمزی ” لەندن
دارستان کووژراوی کەمترە
لەئاژەڵخانەی مرۆڤایەتی
ئێمە نەسڵی ئەرواحی شەڕ
نەزمی جیهانمان داوەتە یەک
کار گەیشتوە بەشوێنێک،
خوداش زەوی چۆڵ کردوە