لاوێکی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی بەڕێی زیندان کرا.
ئاسۆ عەزیزی، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەھاباد بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی ١ ساڵ زیندان کە پێشووتر لە لایەن ناوەندە قەزاییەکانی رێژیمەوە بە سەریدا سەپاوە، بەڕێی زیندان کرا.
ئاسۆ عەزیزی تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵكی مههاباد، خوێندکاری زانستە سیاسیەکانی زانکۆی پەیام نوری مههابادە، رۆژی ١٨ی خەزەڵوەری سالی ٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا .
هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران بە هێرش کردن بۆ شوێنی کاری ئاسۆ عەزیزی و دەستبەسەر داگرتنی کەل و پەل و کۆمپیوتێر، ناو براویان تا ١٤ی بەفرانبار لە گرتوخانە راگرتوە و پاشان بە بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازادیان کردوە و رۆژی ٢٧ی بەفرانباریش دادگای ئینقلاب بریاری یەک ساڵ زیندانی بۆ ناوبراو پەسەند کرد.
جێی ئاماژەیە کە ئاسۆ عەزیزی چالاکوانێکی سیاسی و مەدەنی شاری مههابادە کە لەمدوایانە دا رۆلێکی بەرچاوی لە کۆکردنەوەی یارمەتی خەلکی رۆژهەلاتی کوردستان بۆ ئاوارەکانی کۆبانی و شەنگاڵ گێرابوو.