پەرلەمانتارێکی ئێران رایگەیاند، دامودەزگا حکومییەکان راپۆرتی ناڕاست لەبارەی دۆخی زیانلێکەوتووانی کرماشان بڵاودەکەنەوە.
تەییبە سیاوەشی ئەندامی کۆمیسیۆنی ژنان دەڵێ، لە راپۆرتە حکومییەکاندا باس لە باشبوونی دۆخی زیانلێکەوتووان دەکرێت، بەڵام بەپێی ئەو راپۆرتانەی پێیان دەگات، کێشە و گرفتەکانی زیانلێکەوتووان چارەسەر نەکراوە.
هاوکات پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بێنەوبەرەی ئیداری، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان وەک پێویست بەرەوپێش ناچێت.
زیانلێکەوتووان لە ناوچە گەرمەسێرەکان دەڵێن، لەمەو بەدوا گەرما هەڕەشە دەبێت لەسەر ژیان و تەندروستییان.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سەرپێڵزەهاو خێوەتی بەشێک بوومەلەرزە لێدراوان گڕی گرت و سووتا، هەروەها لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ڕەشەبا کانێکسەکانی ئەوشارە بوومەلەرزەلێدراوانە وەرگەڕاو خەڵکی تووشی ژیانی جددی کردووە.
جێی ئاماژەیە بەشی بەرچاوی ئەو کانێکسانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە دابەش کراون.