هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی کاک هاشم عەزیزی لە فستیڤاڵی ساڵانەی “بۆ گد” کە لە گوندی “بۆ گد” هەڵکەوتوو لە باشووری خۆرهەڵاتی شاری کۆیە بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد و لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو فستیڤاڵەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە لە گوندی گەشتیاریی “بۆ گد” فستیڤاڵی ساڵانەی ئەو گوندە مێژووییە، بە شداری خەڵکی ناوچەی کۆیە و هەروەها نوێنەرایەتی لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ، بەڕێوەچوو.
فستیڤاڵی “بۆ گد” مێهرەجانێکی کەلەپوورییە کە لە سەر دەستی گەنجان و چالاکانی بواری فەرهەنگ و کەلتووری ناوچەکە بەڕێوەدەچێ و، گۆرانی و جلوبەرگی کوردی و شانۆگەریی لە دواێنی سروشت، لە بەرچاوترین تابلۆکانی ئەو فستیڤاڵەن و هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی مێژوو و تایبەتمەندییەکانی گوندی بۆگد، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو فستیڤاڵەیە .
ئەمساڵیش بە پێی بانگهێشتی فەرمیی بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەو فستیڤاڵە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداری تێدا کردو لە نیزیکەوە پەیامی حیزبیان پێشکەش کرد.
سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە ماڕشێکی شۆڕشگێرانە ، ئالای کوردستان و لۆگۆی گۆندی بۆگد هەڵکران.
پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، بەڵگەکانی دیکەی فستیڤاڵ، کە بریتی بوون لە کورتەیەک لە مێژووی گوندی بۆگد و هەروەها هەلومەرجی ئێستا ئەو گوندەو، گۆرانی کوردی و شانۆی منداڵان پێشکەش کران.
لەدرێژەی چالاکییەکانی فستیڤاڵی ساڵانەی “بۆ گد” کە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی پەیام و برووسکەی لایەن و ڕێکخراوانی بەشدار بوو، یەکەم پەیامی کە لە لایەن هەیئەتی حیزبەوە ئامادەکرا بوو، ئاماژەی پێدرا.
لە بەشێک لە پەیامی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاتبوو: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و دەستخۆشی کردن لە سەرجەم بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەم فستیڤاڵە، کە بێگومان کاریگەریی هەیە لەسەر زیندووڕاگرتنی کەلتوور و شووناسی نەتەوەیی، بەڕێوەچوونی وەها فستیڤاڵگەلێک بە چالاکییەکی ئەرینی و بەبایەخ دەزانین.
هەروەها لەدرێژەی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتبوو: وەکوو ئاگادارن لەو پارچەی دیکەی کوردستان، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە دەیان نموونە چالاکی هاوشێوە بۆ خزمەت بە پاراستنی کەلتوور و شووناس وسرووشتی نیشتمانەکەمان لە سەردەستی کەسانی خۆڕسک و خەمخۆر بەڕێوەدەچێ و، لە تازەترین نموونەش بە گوڕ وتینەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییان لە بۆنەکانی نەورۆز کرد، کۆی ئەمجۆرە چالاکییە ژینگەیی و کەلەپوورییە دەتوانێ لە بوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی شوێندانەر بێ ، هەروەها دەبێتە هۆی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەنجان و نەوەی نوێ، کە لە بۆ پاراستنی وڵات و نیشتمان و فەرهەنگی باب وباپیرانیان ئەرک لە ئەستۆ بگرن.
شیاوی باسە بە پێی نامیلکەی بڵاو کراو لەو فستیڤاڵە، گەنجان و دڵسۆزانی نەتەوەیی لە ساڵانی ٧٠ی زایینییەوە تا ئێستا ، لە ژێر چاودێری ڕیش سپی و پیاو ماقووڵانی ئەو گوندە ، لە بۆنە نەتەوەییەکان وەکوو نەورۆز و رۆژی ئاڵا و یادی ئەنفال چالاکییان هەبووە کە یەکێک لەو چالاکییانە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵی ساڵانەی “بۆگد”ە.