زانای ئایینیی ناسراو و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵکی شنۆ مامۆستا مەلا برایمی راوەندی ، ڕۆژی ١٥ی خاکەلیوە(٤٧ ئاوریلی ٢٠١٨) لە تەمەنی ١١٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
قازی مەلا برایم بە هۆی بەرزیی پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە نیو خەڵکی شنۆ ڕێز و حورمەتێکی تایبەتی هەبوو.
لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ئەو ڕێژیمەدا، ڕێز و خۆشەویستیی ئەم کەسایەتییە لە نیو خەڵکدا پتر چووە سەر.
چونکە مامۆستا مەلا برایم بە هەڵبژاردنی ڕێبازی پشتیوانی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و حەقخوازانەی نەتەوەکەی و سەردانەنواندن بۆ دەسەڵاتی جەهەننەمیی کۆماری ئیسلامی، ڕێگای خۆی لە ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان جیا کردەوە.
لە سۆنگەی گرتنە بەری ئەو ڕێگایە، ماوەی چەندین ساڵ ژیان لە ناوچەئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەی هەڵبژارد و شانازیی بە ژیانێکی سادە و ساکار و تێکەڵ بە مەترسی بەڵام ئازاد و سەربەرزانە دەکرد.
دواتر کە لە بەر پیری و ناچاری گەڕایەوە شاری شنۆ، ئامادە نەبوو بە قیمەتی سەردانەواندن و ستایشکردنی کۆماری ئیسلامی، پلە و مەنسەب وەر بگرێ. لە ماڵەکەی خۆی دا گۆشەگیریی هەڵبژارد بەڵام پشتی نەکردە نەتەوەکەی و سەری بۆ ویستی دەسەڵاتداران نەوی نەکرد.
ئەو دەیان ساڵ لە نێو مەینەت و گوشار و گۆشەگیریدا ژیانی بەڕێ کرد، بەلام لە ڕێگای کوردایەتی و پشتیوانی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەڵی بژاردبوو، لای نەدا.
شایانی گوتنە مامۆستا قازی مەلا برایم، بابی مامۆستای ناسراوی قوتابخانەکانی شنۆ و کادری بەوەجی حیزبی دیموکرات، شەهید غەفوور راوەندی بوو کە لە دەیەی ٦٠ ی هەتاویدا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ئێعدام کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەر، سەمبولی سەربەرزی و خۆراگری، مامۆستا قازی مەلا برایم راوەندی بە گەرمی لە بنەماڵە سەربەرزەکەی، لە مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەری کوردستان و لە خەڵکی دلسۆزی شاری شنۆ، سەرەخۆشی دەکا ،و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.
یاد و ناوی مامۆستا راوەندی لای حیزبی دیموکرات و نەتەوەکەی بە بەرزی و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. رەوانی شاد.