لەدوای داخرانی ڕێگا کۆڵبەریی و سنوورە لاوکییەکانی نێوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، لە شاری جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان، بە هۆی کاریگەریی لەسەر بژیوی خەڵک بەشێک لە کاسبکاران مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.
کاسبکارانی جوانڕۆیی دوای خۆپێشاندانو ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم فەرمانداری ئەوشارە، دوکان و بازاڕیان داخستووەو، فەرمانداریان ئاگادار کردووتەوە کە تا کاتی کرانەوەی سنوورەکان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.
هەروەها لە درێژەی مانگرتنی کاسبکارانی شارەکانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 14ی خاکەلێوە،خەڵکی شارەکانی سەقز،جوانڕۆ و مەریوان لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان،دەستیان دایە مانگرتن و دوکان و بازاڕەکانیان داخست.
لە درێژەی پەرەسەندنی مانگرتنو ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخرانی سنوورەکان، لە شاری سەقزیش کاسبکاران بە داخستنی دوکان و بازاڕی ئەوشارە لە هەمبەر کۆنترۆڵی ڕێگا کۆڵبەرییەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، کە تاقە ڕێگای دابینکردنی بژیوی خەڵکی کەم داهاتی ناوچە سنوورییەکان ، بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
جێی ئاماژەیە کە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی رابردووش، لە شارەکانی بانەو پیرانشار چەند ڕۆژێک کاسبکاران مانیان گرت لە مەڕ داخرانی سنوورەکان و دواتر بە پێی بەڵێنی و وەعدی بەرپرسان، مانگرتنیان شکاند.











