لە چالاکییەکی تەبلیغاتیدا، لە شاری ئیلام یادی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لەو شارە بەرزڕاگیرا.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوە بە بۆنەی ساڵیادی شەهید کرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە ناوزەد کراوە بە یادی شەهیدان ، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئیلام ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەو تراکتی پێوەندیدار بە یادو ناوی یەکەم سەرۆکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی کە لە پێناوی سەربەستی گەلی کورد, گیانیان بەخشی، بەرز ڕاگیراو ، هەروەها بە بڵاو کردنەوەی وێنەی تازەترین شەهیدی دەستی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی و تیرۆر کردنی فەرماندەی شەهید” قادر قادری”یان بەرزڕاگرت.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە پارێزگای ئیلام بەبڵاوکردنەوەی وێنەی پێشەوای کوردان و هەروەها نوێترین شەهیدی دەستی تیرۆر فەرماندە قادر قادری، یادی سەرجەم شەهیدانی کوردستانیان بەرزڕاگرت و لەو ڕێگایەوە وەفادرایی خۆیانیان بە ڕێبازی پێشەوا و شەهیدانی کوردستان سەلماند.
شیاوی باسە لاوان و لایەنگرانی خوێنگەرمیی ئیلامی چەندین ساڵە لە سەرجەم بۆنە نەتەوەییەکان لە ئەوپەڕی خەمخۆری و بوێرییەوە چالاکییان هەیە و، ئەمساڵیش لە یادی ٧١مین ساڵیادی شەهید کرانی پێشەوا قازی محەممەد کە بە رۆژی شەهیدان ناسراوە لە چالاکییەکی تەبلیغیدا وەفاداریی خۆیانیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێباز و ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد سەلماند.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و پێزانین ، لە سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات ، بەتایبەتی لە خەڵکی ئیلامی کوردپەروەر دەستخۆشی لێ دەکاو، هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.