كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی مەجلیس دەڵێ بەهۆی كەمیی بودجەو سەرچاوەكانی دابینكردنی دارایی، گەڵاڵەی بیمەی دابینكردنی كۆمەڵایەتیی ٢٠٠ هەزار كەس لە ژنانی سەرپەرستی خێزانیان بۆ جێبەجێ نەکراوە.
عەبباس سەلاحی، ئەندامی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران بی ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ژنانی بێكار بە تایبەت ئەوانەی كە بەرپرسی بنەماڵەكانیانن بکا، زۆربوونی ژمارەی ژنانی سەرپەرستی خێزانی بە قەیرانێكی گرینگو جێگەی نیگەرانی ناوبردوەو دەڵێ تەنانەت كۆمیتەی ئیمدادیش ناتوانێ پشتیوانی لە ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە بكا.
كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنی ئاماری ژنانی سەرپەرستی خێزان لە ئێران، كە زۆربەشیان بێكارن خۆ دەبوێرن. بەم حاڵەش لە سەرژمێری ساڵی ١٣٨٥دا ژمارەی ئەم ژنانە ١ میلیۆن و ٦٠ هەزار كەس باس کرابوو.
بەپێی هەمان سەرژمێری ئەم كەسانە وەك “ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە” دەناسرێن كە هەر نەبێ سەرپەرستیی ٥ كەسی دیكەیان لە ئەستۆ بێ. بەم حاڵەش، زۆرترین مووچەیەكی مانگانە كە كۆمیتەی ئیمداد یان بێهزیستیی ئێران لە ساڵی ١٣٩١ دابەم ژنانەی داوە لە ٦٠ هەزار تمەن زیاتر نەبووە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا پەرویز فەتاح، سەرۆكی كۆمیتەی ئیمدادی ئێران دانی بەوە دانابوو كە ئەم پارەیەی كە ئەو ناوەندە لە ژێر ناوی “زەكات”دا كۆی كردۆتەوە، بەهیچ شێوەیەك بۆ هەژاران و بێوەژنەكانی سەرپەرستی خێزان خەرج نەكراوە، بەڵكوو لە لایەن ئوستانداری و بە ڕەزایەتی پێشنوێژانی هەینی بۆ چالاكییە بەناو ئاوەدان كردنەوەكان خەرج كراوە.