یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ڕۆژاوای كوردستان توانییان شاری ستراتژیكی تەل ئەبیەز “گری سپی” لە سنووری توركیە لەژێر دەستی داعش ڕزگار بكەنو كۆنتڕۆڵی ئەم ناوچەیە بگرنە دەست.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەم هێزە كوردییانە پاش چەند ڕۆژ شەڕو پێكدادانو گەمارۆدانی ئەم شارە توانیان بە تەواوی شاری “تەل ئەبیەز” بگرنەوەو ئەوەش بە زەبرێکی قورسو گورچکبڕ لە داعش دادەنرێ.
گرتنەوەی شاری تەل ئەبیەز، چەند كاتژمێر پاش دەستبەسەرداگرتنی پاسگایەكی سنووری لە نزیك توركیە لە لایەن “ypg”، یەكینەكانی پاراستنی گەل بووە.
ڕۆژی دووشەممەش هێزەكانی “ypg” لە ڕێگەی پەلامارە ئاسمانییەكانی بەرەی نێودەوڵەتیی بەدژی داعش بە ڕێبەرایەتیی ئامریكا هێڵی پێوەندیی تەل ئەبیەزیان لەگەڵ ڕەقە پچڕاند. ڕەقە لە ٨٦ كیلۆمیتریی باشووری تەل ئەبیەز هەڵكەوتووە و وەك پایەگای داعش لە سووریە ئەژمار دەكرێ.
هێزەكانی داعش لە شاری تەل ئەبیەز كە لە سنووری هاوبەشی سووریە و توركیە هەڵكەوتووە، وەك بازگەیەك بۆ چوون بۆ نێو خاكی سووریەو گەیشتن بە شاری ڕەقە كەلكیان وەردەگرت.
شایانی باسە گرتنەوەی شاری تەل ئەبیەز “گری سپی” بۆتە هۆی زاڵ بوونی هێزە كوردییەكان بەسەر باریكەڕێیەكی دوورودرێژدا لە سنووری سووریەو توركیە، هەروەها پێوەندی گرتنی كانتۆنی كۆبانێ لەگەڵ بەشەكانی دیكەی ڕۆژاوای كوردستان لە باكووری وڵاتی سووریە.
چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە، لانی كەم ٤٠ كەس لە ئەندامانی داعش كە خەریكی ڕاكردن لە شاری تەل ئەبیەز بوون، لە ڕەوتی ئەم شەڕ و پێكدادانەدا كوژران.