چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شارەدێی قوریچیای شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری دێولان هێرشیان کردە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی “ئەحمەد ئەمینپەنا” و ناوبراویان بەبێ بەڵگەی قانوونی دەسبەسەر کرد.
ئەحمەد ئەمینپەنا، پێشتر بە تۆمەتی”بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران” حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو و پاشان بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک بە ناوبراو دەڵێ، ئەگەری ئەوە هەیە دەسبەسەرکرانی ناوبراو پێوەندیی بە ٥ ساڵ زیندانی بە سەرداسەپاوی ئەو کاتی هەبێ.
شایانی باسە ناوبراو یەکێکە لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێنپەناهی لە شاری دێولان، کە چەندین کەس لەو بنەماڵەیە ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، زیندان و حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپاوە.