پەروەندەی ٤٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان کە لە ناڕەزیەتییە خەڵکییەکانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بۆ دادگا نێردران.
هەواڵدەریی”میزان” لە زمان دادستانی گشتی و ئینقلاب لە پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، سزانامەی ٤٣ هاووڵاتیی ناڕزای لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەو پاڕێزگایە، بۆ دادگا بەڕێ کرا و ئەوان لە ژێر کاریگەریی فەزای مەجازی هاتوونەتە شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
محەممەد حوسێن سادقی لەو بارەیەوە گوتی، “بڕیاری کۆتایی و سزانامەی ٤٣ کەس کە هۆکاری ئاژانەوەنانەوە لە شەقامەکان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بوونە، ڕەوانەی دادگا کراوە ئێستا لە حاڵی لێکۆڵینەوە کردن دایە”.
هەروەها ئەو بەرپرسە قەزاییە ئاماژەی بە خەسارەتی ئەو ناڕەزایەتیه دەبڕینانه کردووە و ڕاگەیاند، “ڕووداوێکی تاڵ بوو کە خەسارەتگەلێکی لە سەر کۆمەڵگا بە جێهێشت”.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: “بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان لە بەستێنی وەدینەهاتنی داواکارییەکانی خەڵک لە بواری ئابووری بووە، بەڵام بە خێرایی بۆ لای بنەماشکێنی چوو، کە بە هەوڵی دەزگایی قەزایی هێزە و ئەمنییەتییەکان کونتڕۆڵ کرا”.
ڕۆژی ٨ی بەفرانبار، کۆبوونەوە ناڕەزایەتی لە شاری کرماشان سەبارەت بە “گرانی و دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران” بەڕێوەچوو و هاووڵاتییانی ناڕازیی لە گۆڕەپانی ئازادی و دەورووبەری شەقامی مودەڕێس لەو شارە بە دروشمی”زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” و ” ملت گدایی میکند آقا خدایی میکند”. هەواڵدەرییەکانی سەربە حکوومەتی ئیران ژمارەی هاووڵاتییانی ناڕازیی شاری کرماشانیان بە ٣٠٠ کەس خەملاند.











