لە چالاکییەکی تەبلیغاتیدا یادی پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و مافخوازی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوە لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە کە ناوزەد کراوە بە رۆژی شەهیدانی کوردستان ، لە شاری کوردپەروەری مەهاباد شوێنی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە چالاکییەکی تەبلیغی، یادوناوی شەهیدی ڕێبەر، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە لە پێناوی سەرخستنی نەتەوەکەیان گیانی خۆیانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد، بەرز ڕاگیرا.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا تێکۆشەران و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پێشەوای کوردان ، بۆ جارێکی دیکە لە گەڵ ئامانج و ڕێبازی شەهیدانی کوردستان, پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی لە شاری مەهاباد کە بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە چالاکیی تەبلیغی تێدا کراون بریتین لە: گەڕەکی جانبازان، ئازادەگان و چەندین شەقام و گەڕەکی دیکەی ئەوشارە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکیی تێکۆشەرانی درێژدەری ڕێگای پێشەوا و هەڤاڵانی لە شاری مەهاباد, بەرز دەنرخێنێ و سڵاویان بۆ دەنێرێ.