ماڵاوا…
شوڕەبیترین شەرمێونی پێشمەرگەیەک،
وا بەس لەسەر مافی خۆی شەرمی نیە…
نە قەندیل هێلاکیی لاق و سەرخەوشکاندت لە بیر دەکا،
نە قەڵای خۆڕاگریی
شەونخۆنییەکانت…
هێندە هەنگاوی قورس و ئەستێرەئاسات بەرەو ڕووناکایی هەڵهێنا
هەتا،
بە درەنگانی شەو گیانی گەرمی پێشمەرگانت لێ ئەستێندرا
ئێمە بە شەو تۆمان نەناشت
هەر بەڕۆژ
لە پێش چاوی ئەو ڕۆژەی وا لە ڕۆژهەڵات هەڵدێ
بووی بە تازەترین میوانی مەزارگەی پڕ لە ڕازی تێکۆشەرانی دێموکرات…
جەستەت با لێرە بێ
وەکوو بەڵگەیەکی دیکە بۆ تیرۆر
بەڵام کۆڵەپشتی و
کڵاشینکۆف و
خەرەمانی دەق نەشکاوی بزەت هی ڕۆژهەڵاتە
بەشی کۆڵبەری پێوەیە تا بۆسۆی مەدرەسەی شیناوێ…
لە ئێستاوە هەر فەرماندەیکی خاکیپۆش ببینم
بە بزەی خاکەڕایی خاکەوە
کوردستانم خوشتر دەوێ و، دەستم لە لای چەپی سینە دادنێم
کە بڵیم:
بە حورمەتەوە بێدەنگ بین، هەتا بریسکایی دەموچاوی فەرماندە قادر تێپەڕ بێ…
جەنابی فەرماندە!
تێپەڕبوونی هەموو کات وساتی پێشمەرگانەت پیرۆز…
خانەی «خانێ» ئاوەدان!
وا توی ڕاهێنا کە ببێ بە سەنگەر
ببی بە کاک قادر لە سەردەمی قڕ تێخستن و کوشتوبڕ
خۆ لە دووریی پیرانشار پیر بووی…
هەر ساڵەوە بە هاتنێ نەورۆز
بەهارێکتر کەڵەکەی دەبەست لە وەرزی حەسرەتەکانت و، پەپوولەی ناخت بۆ گەڕانەوەت بۆ ئاوایی «قورینج»
هەتا دەهات نەخشینتر دەدرەوشایەوە،
لەم بەهارە وا بەڕێوەیە، چی بەهارە هەیە
تا بەهاری سەرکەوتن پێشکەشی خۆت و گەزیزەی پێکەنیت
سوێند بە٢٠ و وردیەک خونچەی بە فیشەک پشکوتووی زامستانی جەستەت
سوێند بە زریکەی کچە هەتیوکەوتووکانت لە غووربەت
تا نەگەین بەو ئاکامەی و ئاکامە…
واز لە ئاکاری شوڕشگێڕی ناهێنین…
دەچێت بۆ چەند شەوە لە خێوەتێک لە قەتپاڵی بەرزخستانی
دڵنیام بە پێشوازت هاتوون… شەهیدانی شەوی یەڵدا
لە جیاتی هەموومان لە شەهید ناسر بپرسە و
لە جیاتی هەموومان شەرمێونی بزەی شەهید سالار بدوێنەو
بە بریقەی چاوانی قۆیتاس.. جەگەرکەت هەڵکە و،
با وەهابی برامان وێنەیەک بگرێ بۆ سوکنایی دەشتی بێتاقەتی.
کاکە گیانیش ئایی… کە ڕوحسووکە بۆ دواندنی پێشمەرگانە…
دڵنیام یەکەم فیشەکت کە وەبەر کەوت
پێش ئەوەی چاوەڕوانیی منداڵانت وەبیر بێتەوە
بیرت لە کونکون بوونی ناو لەپ و بەڵگەی شوڕشگێرانی دەروازەی کۆیەت کردەوە
جا لە سەیتەرەیەک قۆلبەست دەکرین، ئیتر چارەنووسمان ناروون،
با بمێنێ بۆ کاتی خۆێ…
تو ئارام بنوو فەرماندە!
هەر ماوەیەک لەمەوپێش لە ئیلام
لە گرتووخانەیهک گیانی کەسێکیان ئەستاند
وا بە دوای ئاڵای جەنابت کەوتبوو
کە لە قەندیل هەڵتگرت تا هەڵگورد…
رێچکەی خوێناویت
خوێنی دەوێ فەرماندە!
چ لە داڵاهوو، چ لە کۆساڵان!
ئێمە ڕانەهاتووین بە کۆسپ و کۆستەوە دوژمن دڵخۆش کەین
شەڕی دارستان بە هێزی تەور ناکرێ
هەر شین و شین دەبینەوە،
با تەوریش هەبێ دەسکەی ئاشنابێ، بۆ دارستانی ئێمە!
هەتا خەمخۆری فەرماندەیەک مابێ خاکەڕاو خاکیپۆش و کوردستانی ویست و، بزە لە سەر لێو…
دەست لە سەر سینگ
لە لای چەپی سینە دادەنین
هەتا بریسکایی پێکەنینی تۆ تێپەڕ دەبێ…
جەنابی فەرماندە…
ماڵاوا… عەلی لەیلاخ
کۆیە _ ڕەشەمەی 96
* ئاکام و ئاکار ناوی دوو کوڕەکەی شەهید قادر قادرین
( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)