ناوی تەواوی عەبدوڕەحمانی كوڕی عەبدولكەریمی كوڕی عەبدوڵڵایە. دایكی ناوی زینەت بووە و لە ساڵی 1309ی هه‌تاویدا لە گوندی «یاراڵی»ی ناوچەی گەوركی موكری سەر مەهاباد لە خێزانێكی جوتیار دایك بووە.
عه‌بدولڕه‌حمان هێشتا منداڵ ده‌بێ که بنه‌ماڵه‌که‌ی ڕوو دەكەنە دەڤەری لاجانی پیرانشار و لە گوندی (سۆغانلوو) دەگیرسێنەوە. لە تەمەنی پازدە ساڵیدا دەچێتە حوجرە و لە لای مامۆستا «عەبدوڵڵای سولەیمانی» دەست دەكا بەخوێندنی سیپارە و، دواتر بۆ خۆپێگه‌یاندنی زیاتر دەچێتە گوندەكانی «تورجان»، «بوغدەكەندی»، «قەرەگوێز»و «حەمامیان». هەر لە درێژەی خوێندنیدا زۆر جێگای دیكەش دەگەڕێ وەكو بۆكان و سەردەشت و گوندەكانی (بێوران)و چەند شوێنێكی دیكەش.
فاتیحی لاوێکی دەنگخۆش بووە، دەیگوت: «جارێكیان مەلایەك ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرت، ئەوكاتیش باوبوو، دەبوایە سێ شەو و ڕۆژان ئاهەنگ و شایی بایە و شایەر بانگ دەكران. لەو ئاهەنگەدا عەلی خەندانی هونەرمەند بەشدار دەبێ و بەیەكەوە گۆرانی دەڵێن. پاشان عەلی خەندان دەڵێ: «فەقێ ڕەحمان بۆچی واز لە فەقێیاتی ناهێنی و نایە لای من، وەڵڵاهی قازانج دەكەی… «فه‌قێ ڕه‌حمان زۆربەی گوند و حوجرەكانی دەڤەری پیرانشار و سەردەشت و بۆكان گەڕاوە بۆ خوێندن. لەو سەردەمەدا حوجرە ناوەندی جۆشدانی بیری نەتەوەیی و بڕەودان بەزمانی كوردی بووه و، زۆربەی ئەو مەلا و فەقێیانە هەڵگری بیری نەتەوەیی دەبن و تێكەڵ بەو ڕەوتە كوردایەتییە دەبن، كە لەو سەردەمەدا حزبی دێموكراتی كوردستان ڕێبەرایەتیی دەكرد. به‌مجۆره فه‌قێ ڕه‌حمانیش دەبێتە ئەندامی حزبی دێموكرات و ده‌ست به کاری رێكخراوەیی ده‌کا.
فه‌قێ ڕه‌حمان هه‌ر ئه‌و کات ده‌ست به نووسین ده‌کا و هه‌ستی شاعیری په‌لکێشی دنیای ئه‌ده‌ب و شێعری ده‌کا. لە ساڵانی ده‌یه‌ی 30ی هه‌تاویدا بەهرەی شێعریی فاتیحی دەگەشێتەوە و تاكە شوێنیش بۆ بڵاوكردنەوە،ی شێعره‌کانی ڕادیۆی كوردیی كرماشان بووه و زۆربەی شیعرەكانی بۆ ئەوێ ناردووە و لەلایەن شوكڕوڵڵای بابانەوە خوێندراونەتەوە.
فه‌قێ ڕه‌حمان ساڵی 1340 لە گوندی «ئاڵواتان» لەسەر دەستی مامۆستا مەلا نەجمەدینی كەوكەبی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و دواتر له گوندی «دۆڵەتوو» دەبێتە مەلا.
ساڵانی 46_47 كاتێك ڕێژێمی پاشایەتیی دەست دەكا بەگرتنی ئازادیخوازان، بێگومان مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحیش بێبەش نابێ و دەگیرێ و بۆ زیندانی «جڵدیان» دەگوازرێتەوە. ئه‌و ئه‌گه‌رچی ماوەیەك له زیندان ئازاد ده‌بێ، بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانێ وازی لێ ناهێنن و دووبارە دهیگرنەوە، بۆیە په‌ڕیوه‌ی باشووری کوردستان ده‌بێ و له گوندی «زێوكە»ی دەڤەری پشدەر دەبێتە مەلای ئاوایی.
مامۆستا مه‌لا ڕه‌حمان له پێناو په‌یداکردنی بژیوی ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌ی زه‌حمه‌ت و کوێره‌وه‌ریی زۆری کێشاوه و په‌نای بردۆته به‌ر کرێکاریش، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و سه‌ختیانه ئه‌ویان له کاری سیاسی و حیزبایه‌تی و خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌که‌ی دوور نه‌خستۆته‌وه.
مامۆستا مه‌لا ڕه‌حمان له کۆنفرانسی سێ و کۆنگره‌ی سێ حیزبی دێموکرات‌دا که قه‌واره‌ی ته‌شکیلاتی و سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی تێدا داده‌ڕێژرێته‌وه، ئه‌ندامی کۆنفڕانس بووه و وه‌ک ئه‌ندامێکی کارای حیزب ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیی حیزبیی وه‌رگرتووه.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران مه‌لا ڕه‌حمان ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له شاری پیرانشار ده‌گیرسێته‌وه، هاوکات په‌ره به کار و تێکۆشانیی حیزبیی ده‌دا و ده‌بێته به‌رپرسی رێكخراوی به‌ری مێرگان سه‌ر به شارستانی پیرانشار. دوای سه‌پاندنی شه‌ڕ به سه‌ر کوردستان له‌لایه‌ن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و داگیرکردنی شاره‌کانی کوردستان دیسان په‌ڕیوه‌ی باشوور ده‌بێته‌وه و وه‌ک ئه‌ندامێکی حیزب درێژه به تێکۆشانی سیاسیی ده‌دا.
مامۆستا مه‌ڵا عه‌بدولڕه‌حمان فاتیحی له کۆڕه‌وه‌که‌ی ساڵی 1370دا ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و تا ساڵی 1381ی هه‌تاوی که کۆچی دوایی ده‌کا، له گوندی «گردئاشه‌وان»ی پیرانشاردا مه‌لایه‌تی ده‌کا.
له مه‌لا عه‌بدولره‌حمان فاتیحی دیوانه شێعرێک له چه‌ند به‌رگدا به یادگار به‌جێ ماوه که ئێمه چه‌ند کۆپله له‌و شێعره‌ی مامۆستا که به‌بۆنه‌ی 25ی گه‌لاوێژ، ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکرات نووسیویه‌تی، ده‌یکه‌ین به دیاری بۆ خوێنه‌رانی گۆشه‌ی «له حوجره‌وه».
كوردە پیرۆز بێ هەوڵ و خەباتت
پیرۆز بێ فەتحی چیانە و قەڵاتت
سی و حەوت ساڵە حیزبی دێموكرات
وەك سەددی پۆڵا بۆتە قەڵاتت
دوژمن پێی وابوو كوردستان چۆڵە
بۆ جاش و پاسدار تەویلە و مۆڵە
نەیزانی دار و بەردی كوردستان
دەشكێنن دەم و لووتی ئەو زۆڵە
هێزی بەرگری وپێشمەرگە و میللەت
دوژمنی گەلم دەكەن لەت و پەت
با لە جەماران هەرخۆی وەشێرێ
ڕۆژێك ڕۆڵەی كورد لەملی دەكەن پەت
نەما ئەو ڕۆژەی كورد وەجاخ كوێر بێ
دەست و پێ سپی چاوەڕێی خێر بێ
خوێندەوارە كورد، قەڵەم بەدەستە
با دوژمن بمرێ و لەداخان كوێر بێ
بۆكان و هەوشار، سەقز و مەریوان
سنە و كامیاران، بانە و هەورامان
لە مه‌هاباد و شنۆ و پیرانشار
(فتح المبین) بوو بۆ كورد ڕەمەزان
هەر ئاوەدان بێ ئەلحەق كارەسات
لەو هەموو جاش و پاسدارەی دەهات
لە سەدی هەر دەی خەلاسی دەبوو
كوردە و دوژمنی خۆی نادا نەجات
كوردە پیرۆز بێ جێژنی گەلاوێژ
برینی دڵان گشت دەكا ساڕ‌ێژ
ڕۆژی میلادی حیزبی دێموكرات
دوژمنی خوێڕی كرد سەرسام و گێژ
بۆ بەرزی وەتەن گیان لەسەر دەستم
تا ڕزگار نەبێ نابێ ڕاوەستم
بۆ بیست و پێنجی مانگی گەلاوێژ
بەدڵ دەخوێنم شیعر و هەڵبەستم
بژی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات
ئاڵا هەڵگری سەربەرزی وڵات
ئەو ڕۆژەی كە كورد چاوەڕوانی بوو
لە ئاسۆی چیای كوردستان هەڵات
هەر سەركەوتوو بێ حیزبی گەلی كورد
ئەو كوردەی دوژمن وەك خۆڵ دەكا ورد
بمرێ ئەو كەسەی ناحەزی كوردە
شادبێ ئەو كوڕەی لە ڕێی گەلدا مرد
( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)