دوای ڕووداوی تێرۆری شه‌هید قادر قادری به ده‌ستی بەکرێگیراوانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران که دوابه‌دوای تێرۆر و شه‌هیدبوونی سه‌باح ڕه‌حمانی له هه‌ولێر و له ماوه‌ی دوو حه‌وتوودا ڕوویان دا، ژووری «بۆ ڕۆژهه‌ڵات» له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی تێلێگرام تێلگه‌ردێکی به‌به‌شداریی سه‌عید به‌گزاده، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ باس له‌سه‌ر تێرۆر و سیاسه‌تی تێرۆری کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورددا پێک هێنا.
«کوردستان» پوخته‌یه‌ک له‌و وتووێژه‌ی بۆ خوێنه‌رانی ئاماده کردووه و ده‌یخاته به‌ر سه‌رنجی ئه‌وان:
تەوژمێکی نوێێ تێرۆر لە باشووری کوردستان بە تایبەت دژ بە دیموکراته‌کان له هه‌رێمی کوردستان دیسان ده‌ستی پێکردۆته‌وه. ئایا گۆرانکارێک ڕوویداوه که تاران سیاسەتی تیرۆری له باشوور چالاک کردۆته‌وه؟
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسیاره‌که‌تدا هه‌روه‌کوو بۆ خۆت ئیشاره‌ت پێ‌کرد، ده‌وڵه‌تی ئێران له واقێعدا و لەحاڵی حازردا هیچ ده‌وڵه‌تێکی له حه‌دی ڕقیبیی خۆیدا نیه بۆ کردوه تیرۆریستییه‌کانی، دەگەڵ ئەوەش پێم باشە ئیشاره بە خاڵێکی دیکەش بکەم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یە که به‌داخه‌وه حکوومه‌ته‌کانی پێش کۆماری ئیسلامیش له ئێران ئەم سیاسەتەیان هەر بووە و و تێرۆر و تۆقاندن بەشێک لە بەرنامەکانی سەرکوت و کوشتاریان بووە. واتا مێژووی تیرۆر له ئێران بەدەست ده‌وڵه‌ته‌کانی ئێران زۆر بۆ کۆن ده‌گەڕێته‌وه. زۆر پێش حکوومه‌تی ئیسلامیش سیاسه‌تی تیرۆر و کوشتن و قڵتوبڕ و توقاندن له ڕۆژه‌ڤی به‌رنامه‌ی کاری ده‌وڵه‌ته‌کانی پێشووی ئێرانیشدا بووه و ئه‌وکاتیش کورد به‌داخه‌وه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی قوربانیانی تیرۆر و کوشتندا بووه. ئه‌وه‌ش که ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێستا ڕاسته کۆماری ئیسلامی لە پاش تیرۆری میکۆنووس و دادگایی میکونووس هێندێک له‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ی ڕاگرتبوو،و به‌تایبه‌ت ڕوو به‌ده‌ره‌وه هه‌وڵی ده‌دا سیمایه‌کی دیکه له خۆی پیشان بدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوانین بۆچی ئەم تێرۆرانەی چالاک کردۆته‌وه ده‌کرێ ئیشاره به‌وه بکەین که کردەوەکانی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه یا دژ کرده‌وه‌یه‌کن که له موقابیل حه‌ره‌که‌ته‌کانیدا له نێوخۆ ڕوو به ده‌ره‌وه نیشانی ده‌دا. واتا کۆماری ئیسلامی زیاتر هه‌وڵ ده‌دا کێشه‌کانی نێوخۆیی ئێران وەک ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک که له مەیدان و له شه‌قامه‌کاندا ڕوو دەدن، ئەو باسانه و سه‌رنجه‌کان بگوازێته بۆ ده‌رێ تا له‌لایه‌ک هه‌م داخڵی پێی ئارام کاته‌وه، هەم کێشە و باسەکان لە نێوخۆڕا بگوازێتەوە ده‌ره‌وه‌ی سنورەکان و، له‌لایه‌کی دیکه‌ش به‌و شێوه‌یه بتوانێ هه‌ڵسوکه‌وت و کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی موخالیفی خۆی بکا. واتا تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆی بلوێ هه‌وڵ ده‌دا له تۆقاندن و له کوشت و کوشتار له ئیعدام و تیرۆر ئیستفاده بکا بۆوه‌ی خه‌ڵکی پێ بتۆقێنێ.
ئەو تێرۆرانەی ئەم دواییانەش که لە باشوری کوردستان کراون، پەیوەندییان بەم چالاکییانەی ئه‌و ماوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە و حکومەت پێی وایە بەم جۆرە دەتوانێ، ڕێگای چالاکییەکان له نێوخۆ بگرێ. لەلایەکی دیکەشەوە لە باشووری کوردستان به‌داخه‌وه پاش ڕووداوه‌کانی که‌رکووک بۆشاییەکی سیاسیی زیاتر بۆ نفوز و چالاکیی کۆماری ئیسلامی کراوەتەوە و مەیدانی ته‌ڕاتێن بۆ کۆماری ئیسلامی بەرینتر بۆتەوە.
کاک سه‌عید فه‌رمووت دادگای مێکونووس بووه هۆی خاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی کۆماری ئیسلامی. ئێستا لێره له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چۆن ده‌کرێ ڕێگا نه‌درێ به کۆماری ئیسلامی که ئاوا ئاسان درێژه به پیلانه تێرۆریستییه‌کانی بدا؟
ئاگادارکردنه‌وه‌ی کۆڕوکۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی و، وڵات و دزگاکانی پێوه‌ندیدار به پێشگیری یا بڵێین ده‌وڵه‌تان بۆ ئه‌وه‌ی فشارێک بخرێته سه‌ر کۆماری ئیسلامی؛ وه‌ک ئاگادارکردنه‌وه باسێکه و، وه‌ک وڕێگانه‌دان و ڕێگرتن له تێرۆر باسێکی دیکه‌یه که ده‌کرێ به‌جیا قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین. ئەوه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاگادارکردنه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی لانیکه‌م چاکمان کار له‌سه‌ر کردووه و به‌شی پێوه‌ندییه‌کانی حیزب له‌و باره‌وه زۆر چالاک بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیکه پێوه‌ندیی به کۆمه‌ڵیک به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و پێوه‌ندیی دیپڵۆماتیک هه‌یه له نێوان ئێران و وڵاتاندا که ئایا مه‌سه‌له‌ن ئورووپا، ئامریکا یا وڵاته‌کانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌ر چه‌نده ئاماده‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له مه‌ترسی باوێن یا دوورکه‌ونه‌وه له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌کانی خۆیان و، وه‌ده‌نگ بێن. ئه‌و به‌شه بۆ خۆی به‌ستراوه‌ته‌وه به زۆر پاڕامێتر و فاکتوری دیکه که ئاوا ڕاحه‌ت ناتوانین ئێمه کاریگه‌ریمان له‌سه‌ریان هه‌بێ. بۆخۆتان ده‌زانن و هه‌موو دونیا ده‌زانێ که لانیکه‌م له ئاڵمان، دادگای ئاڵمان تا ئه‌و جێگایه ڕۆی که ڕێبه‌رانی هه‌ره سه‌رووی کۆماری ئیسلامی که بڕیاده‌ری تیرۆری دوکتور شەره‌فکەندی و هاوڕێیانی بوون، ئەو دادگایە به تاوانباری ناساندن و حوکمی له‌سه‌ر دان. به‌ڵام دواجار ناچارن به‌شی زۆری وڵاتان که ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تا باڵوێزخانه‌کانی خۆشیان داخست و، باڵوێزه‌کانیان له تاران کشانده‌وه، دوایه له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان کێبرکێی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌بوو بۆ تاران. دیاره به‌و حاڵه‌ش ئێمه ده‌بێ هه‌وڵه‌کانمان زیاتر بن و فشاره‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بخه‌ینه سه‌ر یه‌ک.
کاک سه‌عید کاری به‌ڵگه‌یی بۆ کۆکردنه‌وه و به دێکۆمێنتکردنی کرده‌وه تێرۆریستییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوه؟ ئێوه له‌و باره‌وه چیتان کردوه؟
کۆماری ئیسلامی کارنامه تێرۆریستییه‌که‌ی هینده ڕوون و هینده به‌ڵگه‌نه‌ویسته که‌و له‌و باره‌وه پێویست به توێژینه‌وه و بەدواداچوون و خۆماندووکردنی زۆر نیه.
ئێمه ده‌وڵه‌تێک له دونیادا شک نابەین به قه‌را کۆماری ئیسلامی تیرۆری کردبێ و ده‌ستی له تیرۆردا هه‌بێ و ده‌ستی له ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و کرده‌وه تێرۆریستییه‌کان له‌و وڵاتانه‌دا هه‌بێ . ئێمه وه‌ک خۆمان و وه‌ک حیزبی دێموکرات له‌و باره‌وه ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان کراوه ورده‌کاریی کوشتار و تیرۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی له کورد و حیزبی دێموکراتمان کۆکردووه‌ته‌وه و به‌ڵگه‌مه‌ندمان کردوون. هه‌ر بۆ نموونه عه‌رزی جه‌نابت بکه‌م که نیزیک به 400 که‌س له تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له باشووری کوردستان له نێوان ساڵه‌کانی 1371 هه‌تا 1376 واتا له ماوه‌ی 7 ساڵدا به‌ده‌ست کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون که به‌شی زۆری ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و تێرۆرانه‌مان به ته‌واوی هه‌ن. ئاماری ئه‌وه‌شمان هه‌یه که له ئورووپا، له ئه‌مریکا، له فیلیپین، پاکستان، له هیندوستان، له ئیمارات، قبریس، ژاپن و تورکیه‌شدا کۆماری ئیسلامی تیرۆری کردوه و له‌وانه ئێمه ئاماری 60 که‌سمان له به‌رده‌ستدا هه‌یه.
کاک سه‌عید تومه‌تبارانی ڕووداوه‌که‌ی شه‌وی یه‌لدا بێ‌تاوان ده‌رچوون، هێرشی تیرۆریستی به‌رامبه‌ر حدکا کرا و سه‌باح ڕه‌حمانی شه‌هید بوو، دواتریش که شه‌هید قادر قادری تێرۆر کرا. ئه‌وانه له ڕووی کات و بابه‌ته‌وه پێکه‌وه پێوه‌ندییان هه‌یه؟
ئه‌من پێم خۆشه شتێک ڕاست که‌مه‌وه، ئه‌وانه‌ی له په‌روه‌نده‌ی تێرۆری شه‌وی یه‌لدا به‌ردراو‌ن بێ‌تاوان نین. ئێستاش له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌وانه تاوانیان له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که دادگاکانی هه‌رێمی کوردستان ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه ده‌لیلی کافی بۆ ڕاگرتنی ئه‌وان نابینن ئه‌وه باسێکی دیکه‌یه. ئه‌وان شێوه‌ی کار و ڕۆتینی کاریی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه ئێستاش ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگبێ ئه‌سڵی ئه‌و که‌سه‌ی که تیرۆره‌که‌ی کردووه و جینایه‌ته‌که‌ی خۆڵقاندوه نه‌بن، بەڵام هاوکار و هاوده‌ستیان بوون، بۆیە لە ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئێستاش ئەوانە تاوانبارن و کاری دادگاش هێشتا به یه‌کجاری ته‌واو نه‌بووه و په‌روه‌نده‌که‌ش دانه‌خراوه.
ئه‌وه‌ش کە هه‌ر به‌دوای بەردانی ئەو چه‌ند که‌سه‌دا دوو تیرۆری دیکه کراون و پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه یان نا، ده‌بێ بڵێم، هیچ حه‌ره‌که‌تێکی کۆماری ئیسلامی بێ به‌رنامه نیه. هه‌موو تێرۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ یه‌ک مه‌به‌سته و ئه‌ویش به‌قا و مانه‌وه‌ی ڕێژیمه و هه‌موو ئه‌و تیرۆرانه‌ش به یه‌که‌وه به‌ستراونه‌وه‌ته و بە پێی بەرنامە دەکرێن.
کاک سه‌عید پێشتر گوتراوه که چه‌ند حیزبێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ کاروباری ئه‌منییه‌تی پێوه‌ندی و هاوکارییان هه‌یه، به‌ڵام ئایا ئه‌وه ده‌توانێ به ته‌نیا وه‌ڵامده‌ر بێ ئه‌گه‌ر ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هاوکاریی ئه‌و لایه‌نانه نه‌که‌ن؟
ئه‌و پرسیاره ده‌کرێ دابه‌ش بکه‌ین به دوو به‌ش، ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ک خۆمان چ ده‌که‌ین و لایه‌نێکی دیکەش وه‌کوو باست کرد داموده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی باشووری کوردستانن که چۆن له به‌رامبه‌ر جموجۆڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا به‌رنامه و پلانیان چیه.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سه‌ر ئێمە وه‌ک هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێمه هه‌موو لایه‌کمان له‌وه گه‌یشتووین که به‌و بارودۆخه‌ی نوێیه‌ی ئێستا له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، به‌داخه‌وه مه‌یدانێکی کراوه‌تر له جاران بۆ کۆماری ئیسلامی و بۆ حه‌ره‌که‌ته تیرۆریستییه‌کانی ڕێژیم کراوه‌ته‌وه. ئێمه ده‌بێ هاوکاریمان له‌گه‌ڵ یه‌کتر زیاتر بێ و وردتر ئاگامان له جموجۆڵی دوژمن بێ. به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و داموده‌زگاکانی دژه تیرۆر و زانیاری و پاراستن، که ئه‌من پێم وایه ئه‌و هێزانه‌ش هه‌م بۆ پاراستنی ئیقتداری خۆیان و هه‌م بۆ پاراستنی که‌ڕامه‌تی سیاسیی کورد له‌و پارچه‌یه‌دا و، هه‌م بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی که ئه‌م وڵاته خاوه‌نی خۆی هه‌یه و پێوه‌ندیی سیاسی و ئابووریی نێوان دوو وڵات به‌مانای ته‌ڕاتێنی لایه‌ک له خاکی لایه‌که‌ی دیکه نیه و، ئه‌وانیش کاری خۆیان ده‌که‌ن و بۆیه پێم وایه ئه‌وانیش ده‌بێ حه‌د و سنوورێکی زیاتر بۆ کرده‌وه‌کانی کۆماری ئیسلامی دابنێن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان له ساڵانی ڕابردوودا پێداگریی زۆری له‌سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی کردووه. ئێستاش پێتان وایه به‌رامبه‌ر به‌و ڕێژیمه ده‌بێ کار له‌سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی بکرێ یان به گوشاری چه‌کداری به‌ره‌وڕووی ببنه‌وه؟
له‌سه‌ر ئیجازه‌ت ده‌ڵێم پرسیاره‌که‌ت که‌مێک ئاڵۆزه و ناکرێ کاری سیاسی و سه‌ربازی له به‌رامبه‌ری یه‌کتردا ڕابگیرێن.
ویستی کورد ویستێکی سیاسییه و کورد بۆ گه‌یشتن به‌و ماف و ویسته هه‌موو مێتۆده‌کانی خه‌بات ڕه‌چاو ده‌کا و کردوویه‌تی. سیاسه‌تی خه‌باتی مه‌ده‌نی و خه‌باتی پێشمه‌رگانه له هه‌موو مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بووه و ئه‌وه‌ی که ده‌فه‌رمووی له‌و ساڵانه‌ی ڕابردوودا زیاتر قسه‌ی لێ کراوه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له‌و ساڵانه‌دا ئه‌و بابه‌تانه زیاتر مه‌وزووع بوون.
ئه‌ساسه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستان له سه‌ره‌تاوه و له بنه‌ڕه‌تدا قه‌ناعه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه بووه که بۆ گه‌یشتن به مافه سیاسییه‌کانی خۆیان، بۆ گه‌یشتن به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی خۆیان ڕێگای دیالۆگ و وتووێژ و سازان و ڕێککه‌وتن ڕه‌چاو بکا و خۆی له توندوتیژی و شه‌ڕی چه‌کداری به‌دوور بگرێ. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ئێمه نین که شێوه‌ی خه‌بات دیاری ده‌که‌ین و به‌داخه‌وه به‌پێی بارودۆخی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، کورد زۆر که‌م ده‌توانێ له‌سه‌ر مێتود و شێوه‌کانی خه‌باتی خۆی بڕیار بدا و به داخه‌وه تا ئێستا زیاتر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردیان به‌سه‌ردا به‌ش بووه و یه‌ک له‌وان ئێران و کۆماری ئیسلامی، به‌داخه‌وه زیاتر ئه‌وان مێتودی خه‌باتیان به‌سه‌رماندا سه‌پاندووه.
ئێمه له ڕۆژانی یه‌که‌می هاتنه‌سه‌رکاری ئه‌و ڕێژیمه باوه‌ڕمان وابووه و هه‌وڵمان ئه‌وه بووه که ڕێگای وتووێژ بگرینه به‌ر. هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی کوردمان پێک هێنا و هه‌وڵماندا له ڕێگای دیالۆگ و سازانه‌وه به مافه سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی خۆمان بگه‌ین، به‌ڵام کۆماری ئیسلامی ئه‌و زه‌رفییه‌ته‌ی تێدا نه‌بوو بۆیه شه‌ڕی به‌سه‌ر کوردستاندا سه‌پاند و ئێمه‌ی ناچار کرد بۆ به‌ربه‌ره‌کانی و بۆ پاراستنی خۆمان و بۆ مانه‌وه‌ی خۆمان ده‌ست بۆ چه‌ک به‌رین. له داهاتووشدا ئێمه ته‌واوی ئه‌و ڕێگایانه‌ی که بۆگه‌یشتن به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانمان دەبێ ڕه‌چاویان بکه‌ین، هیچیان له دیدی ئێمه و له به‌رنامه‌ی ئێمه له پروژه‌ی ئێمه‌دا وه‌لا نانرێن. باوه‌ڕمان به‌وه‌ش بووه که له گرتنه‌به‌ری هه‌ر مێتۆدی خه‌باتدا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ ده‌سکه‌وته‌کان زیاتر و زیانه ئینسانییه‌کان که‌متر بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی پێی وابێ به کوشت و کوشتار و به‌شه‌ڕ ده‌توانێ پێش به ویسته‌کانی ئێمه بگڕێ ئه‌و خه‌یاڵه‌ش خاوه و ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ ڕۆژێک بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان زیاتر له‌وه‌ی که ئێستاش هه‌زینه‌مان داوه پێویست بێ هه‌زینه بدەین، له‌وه دڕیغی ناکه‌ین.
ئایا سیاسه‌تی تێرۆر بۆ کۆماری ئیسلامی ده‌سکه‌وتی بووه و تێکۆشه‌ران و شۆڕشگێرانی کوردی تووشی ترس و تۆقاندن و پاشه‌کشه کردووه؟
ئه‌گه‌ر کورد له کوژران ترسابا ده‌بوو زۆر پێش ئێستا له خه‌بات ده‌ستی هه‌ڵگرتبا کاتێک سمایل ئاغایان ده‌کوشت و تیرۆر ده‌کرد، کاتێک پێشه‌وایان له‌دار دا، کاتێک ڕێبه‌رانی دیکه‌ی کوردیان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئیعدام ده‌کرد و له‌زیندانه‌کانیان ده‌هاویشتن، کاتێک دوکتور قاسملوویان تیرۆر کرد، کاتێک دوکتور سه‌عیدیان شه‌هید کرد و کاتێک ئه‌و هه‌موو کادر و پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌یان گرت و له باشووری کوردستان و شوێنه‌کانی دیکه تیرۆریان کردن؛ ئه‌گه‌ر له‌وه ترساباین زۆر له مێژ بوو ده‌بوو ئه‌و مه‌یدانه‌مان چۆڵ کردبایه وخه‌باتمان به‌جێ هێشتبایه. نه‌خێر کۆماری ئیسلامی له‌و باره‌وه سه‌رکه‌وتووو نه‌بووه و، ده‌بینی هه‌تا یه‌کمان لێ شه‌هید کراوه ده‌یان نه‌فه‌ری دیکه هاتوونه نێو مه‌یدانه‌که؛ بۆیه ئه‌م کوشتنانه و ئه‌م ترس و وه‌حشه‌ته‌ی ئه‌و پێی وایه ده‌توانێ له ڕێگه‌یانه‌وه خه‌باته‌که‌ی پێ کز بکا و خه‌ڵکه‌که‌ی پێ بتوقێنێ و له میدان به‌ده‌ری بکا؛ خه‌یاڵێکی خاوه و بۆی سەر ناگرێ. به‌ڵام له عه‌ینی حاڵ‌دا ناکری حاشا له‌وه‌ش بکه‌ن که‌سانی گه‌وره مه‌سه‌له‌ن وه‌ک دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی که تیرۆر ده‌کرێن و شه‌هید ده‌بن بێگومان له‌سه‌ر کۆی بزووتنه‌وه‌که شوێندانه‌ر دەبێ و کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، به‌ڵام بۆ له مه‌یدان ده‌رکردن و بۆ توقاندن و بۆ ترس دروستکردن به هیچ جۆر وانیه.
( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)