هاوکات لە گەڵ ناوچەجیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات و بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەو ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەنەورۆز ، ئەو بۆنە نەتەوەییە بەرزڕاگیرا.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە لە حەوشەی قەڵا، بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕیوەچوونی ڕێوڕەسمێک، پێشوازی لە هاتنی بەهارو نەورۆز کرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە دوای خوێندنی سروودی بەهار لەلایەن کۆڕی هونەری حیزبەوە، پێشکەشکار سۆما حەکیمزادە وێڕای بەخێرهاتن کردنی مێوانان و هەروەها پیرۆزبایی کردنی ساڵی نوێ لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی دێموکرات، پەخشانێکی تایبەت بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی خۆی و دەفتەری سیاسیی حیزبی پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لەسەرەتا پەیامەکەی بە ئاماژەدان بە رووداوەکانی ئێران و کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵێک خاڵی پێوەندیداری باس کرد.
ڕێزدار مستەفامەولوودی لە درێژەی پەیامەکەیدا بە سەرنجدان بە گرینگی بۆنەکانی نەورۆز لە نێوخەڵکی کورد بە گشتی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوبارەوە وتی: لە مێژ ساڵە نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵ جیا لە نوێبوونەوەی سروشت، بۆ ئێمەی کورد واتا و پەیامێکی سیاسیشی هەیە. نەورۆز دەرفەتێکە بۆ گوڕوتین بەخشین بەمافخوازیمان، بۆ یەکیەتی و هاوپێوەندیی نەتەوەییمان، بۆ بەرزکردنەوەی بەیداخی شۆڕشگێڕی و بۆ یەکخستنی وزەی خەباتگێریمان دژی دەسەڵاتی زۆردار و ماف زەوتکەری کۆماری ئیسلامی. دەرسێکیش کە ئێمە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی لەنەورۆزی وەردەگرین، دەرسی هیوا بە داهاتوویەکی گەش، دەرسی خەبات و نەوەستان بۆ لابردنی زستانی زەبروزەنگ و ستەم، خەباتی بێوچان بۆ جێگیرکردنی بەهاری ئازادی و دەستەبەرکردنی ڕزگاریی یەکجاری بۆ نەتەوەکەمانە. بێگومان تێکۆشانی ئێمە لەو بوارانەدا بە ڕێگایەکی دوورودرێژدا هاتووە، هەوراز و نشێوی زۆری هاتۆتە پێش و هەزاران ڕۆڵەی گەلیش لەپێناویدا خۆیان کردۆتە قوربانی، بەڵام خەڵکی ئێمە و ڕۆڵە خەباتکارەکانی ناوەستن و دڵنیاین ئەو خەباتە ڕەوایە بە سەرکەوتنی یەکجاری دەگات.
دوای پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب،سروودێکی نەورۆزیی لە لایەن کوڕوکچانی دێموکرات، بە هاوکاری کۆڕی هونەری حیزبەوە پێشکەش کرا
بڕگەی دیکەی رێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ چەند چەپکەگوڵ لە باخچەی گۆرانی کوردی کەبەشێکە هەرمانە لە بۆنەکانی نەورۆز و، لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە پێشکەش کران.
سەرەتا خاتووشیرین شەریفی بە هاوکاری هونەرمەند ئارام ئیزەدپەنا گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
دواتر کاک ئەحمەد قادری شاعیری سەر و ڕوومەت سپی کردوو لە سەنگەری خەبات، شێعرێکی لە ژێرناوی “مەشخەڵان” خوێندەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا خاتوو باوان کەریمی کۆرەکەی بە ئاوازی کوردی ڕازاندەوە .
پاشان هاوڕێ حەمەدەمین کەریمی باوکی شەهید ناسر کەریمی یەکێک لە هەنارە خوێناوییەکانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، بە دەنگەخۆشەکەی گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
بڕگەی دیکەی ڕێوڕەسمی پیشوازی کردن لە بەهارو نەورۆزی پێکەوەبوون کردنەوەی ئاگری نەورۆزیی بوو کە ئەمساڵ وەکوو وەفایەک بۆ تازەترین شەهید دەستی تیرۆر فەرماندەی شەهید قادرقادری بە دەستی یادگارانی ئەوفەرماندەیە و بە ڕاوەستانی ئامادەبووان بۆ یادی سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل و هەروەها ڕیزگرتن لە شکۆمەندی نەورۆز ، ئاگری نەورۆز کرایەوە.
پاشان ئامادەبووان کوڕوکچانی شەهید “قادر قادری”یان لە ئامێزگرت.
ئەو ڕێوڕەسمە بەکردنەوەی ئاگرو بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوەیی پاش چەند کاتژمیر کۆتایی پێهات.