لە ڕەوتی تێکهەڵچوونی هاندەران و هێزە ئینتزامییەکان زیاتر لە ١٠ کەس بریندار و دەسبەسەر کران.
وێنەگرێکی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی وێنەگرتن لە کێبڕکێی یاری تۆپی پێی “فوتبال” نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، کامران سوڵتانی، وێنەگری تیمی سەرداری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان لە کۆتایی کێبڕکێی یاریی نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس، بەسەختی بریندار بوو و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی و هێزەکانی ئیتلاعات دایە.
هەروەها سەرچاوەیە نزیک لە تیمی سەرداری بۆکان دەڵێ، باردۆخی یەکێکی دیکە لە لایەنگەرانی تیمی تۆپی پێی سەرداری بۆکان بە ناوی “سینا پەروەردین” نالەبارە و ناوبراو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە شاری بۆکان خەوێندراوە.
لەو پێوەندییەدا، دەفتەری فەرمانداری شاری بۆکان، بەبێ ئاماژە کردن بە چۆنیەتی شەڕ و تێکەڵچوونی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ لایەنگرانی تیمی تۆپی پێی سەرداری بۆکان گوتوویە “لە ڕەوتی یاریی نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس شەڕ لە نێوان هاندەران و هێزە ئینتزامییەکان ڕووی داوە و لەو پێوەندییەدا ١٢ کەس لە هاندەران بریندار بوون” ، باسی دەسبەسەرکراوانی نەکردووە.