زانایەکی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، پاش دامەزراندنی له زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی زانکۆی ورمێ، بە هۆی کەمئەندامبوون لە سەر کارەکەی دەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، پسپۆڕێکی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی سەلاحەدین ئەسەدی بە هۆی کەمئەندامبوون، لە لایەن زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری ورمێیەوە، لە سەرکار دەرکرا.
ئەو کوڕە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “همشهری” ڕاگەیاند: “من وەکوو کەمئەندامێک کە لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی بێهزیستی دام، پاش دەسبەکار بوونم لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، بە هۆی کەمئەندام بوونمەوە، لە سەر کارەکەم دەرکرام.”
ناوبراو بە شێوەی گرێبەستی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکان کاری کردووە و بۆ دامەزراندنی بە شێوەی فەرمی، پێویستی بە بەڵگەیەک، بەتایبەت بەڵگەی پشتگیریی خوێندن و “تاوانبارنەبوون”، “گۆزینش و “مۆڵەتیی پزیشکی” هەبووە، کە تەواوی ئەو قۆناغانەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە.
بە قسەی ناوبراو، دەرکردنی ناقانوونی بووە و یەکێک لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکان لە پشت دەرکردنی سەلاحەدین ئەسەدی بووە.
هەروەها، “جێگری دامەزراندن و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی بێهزیستی شاری ورمێ دەڵێ: “دەرکردنی ئەو بلیمەتە کوردە شتێکی نایاساییە، چونکە نابراو تاقیکارییەکانی بە پلەی باشەوە تێپەڕاندووە و ٣ لەسەدی پشکی بێهزیستیشی هەبووە و هەروەها بوارە پسپۆڕانە و زانستییەکانی تەواو کردووە، بۆیە دەرکردنی ناوبراو نایاساییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.