ڕووسیە داوای “ڕاگیرانی بێ ئەملاولای” قسە كردن لە بارەی درێژ كردنەوەی ڕێكەوتی دانووستانە ناوكییەكانی نێوان ئێران و ٦ زلهێزی جیهانی بووە.
سێرگی ڕیابكۆف، جێگری وەزیری كاروباری دەرەوەی ڕووسیە، داوای كردووە كە بی ئەملاولا، قسە كردن لەسەر درێژكردنەوەی ڕێكەوتی دانووستانەكان ڕابگیردرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئینتێرفەكس، ڕیابكۆف گوتوویەتی: “ئەگەر ئێستا ئێمە لەبابەت گرینگیدان بە ئاکامی دانووستانەكان سەرکەوتوو نەبین، شانسی خۆمان بۆ ئەنجامە باشەكان كەم كردۆتەوە.”
هێنانە بەر باسی ئەم مەسەلە لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە حاڵێكدایە كە لە ئێران، عەلی شەمخانی، بەڕێوەبەری شوورای بەرزی ئەمنیەتی میللی ڕوو بە تەلەڤیزیۆنی ئەلمەنار، سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان گوتوویەتی كە: “ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە، نێوەرۆکی ڕێككەوتنامەكەیە و بە هیچ شێوەیەك کاتو ئۆلتیماتۆم ناكەینە قوربانیی ڕێككەوتنامەیەكی باش.
ئێران، ئامریكا، بریتانیا، فەرانسە، چین، ڕووسیە و ئاڵمان، ڕێكەوتی ١٠ی پووشپەڕیان وەك دوایین مۆڵەتی خۆیان بۆ گەیشتن بە وەها ڕێككەوتنێك دیاری كردووە، ئەگەرچی بەپێی ڕاپۆرتەكان، كێشە و ناكۆكییەكان لە بارەی چەند مەسەلەی سەرەكی، بۆتە هۆی ئەوەی كە ڕەوتی وتووێژەكان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە خاوی بچێتە پێشێ.
هەر لەم حاڵەدا، هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاندووە كە عەبباس عێراقچی و مەجید تەخت ڕەوانچی، دوو ئەندامی پلەبەرزی تیمی دانووستانكاری ناوكیی كۆماری ئیسلامی كە بە مەبەستی “ڕاوێژ كردنە نێوخۆییەكان”، شاری ڤیەنیان بەجێ هێشتوە و بەرەو تاران كەوتوونەڕێ، ڕۆژی چوارشەممەی ئەم حەوتوویە دەگەڕێنەوە ئۆتریش تا بۆ نووسینی ڕەشنووسی دوایین ڕێككەوتن، لەگەڵ نوێنەرانی ١+٥ كۆ ببنەوە.