کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ لە شەوئاهەنێکی خنجیلانەدا بە پێشوازی نەورۆز و دەستپێکی سەری ساڵی ٢٧١٨ی کوردییەوە چوون. ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٧ی رەشەممەی ٢٧١٧ی کوردی، بە دەستپێشخەری و ئامادەکاریی کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی “رۆمەریکە”، کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ لە شاری ئۆسڵۆ شەوئاهەنگێکی خنجیلانەیان پێک هێنا. سەرەتا شەوئاهەنگەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کۆمەڵەی کلتووریی “رۆمەریکە” و وتەی بەخێرهێنانی دەستەی بەڕێوەبەریی لە لایان پێشکەشکارانی شەوئاهەنگەکە “سۆران مەحموودی” و “گەلاوێژ باپیری”یەوە خوێندرایەوە و هاتە پێشکەشکردن. ئەوجار هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراوی گەلەکەمان ناسر رەزازی و قادر ئەسعەد، بە دەنگە زوڵاڵەکانی خۆیان و بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک گۆرانی خۆش و هەستبزوێن و شاد. چێژێکی تایبەتییان بە رێوڕەسمەکە بەخشی و هەتا درەنگانی شەو ئاهەنگەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردی درێژەی هەبوو و بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.