ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سەربە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە بەربەری بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٨ چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بانگ کرد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، ناوەندەکانی سەربە ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز ٨ چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بە ناوەکانی “سولەیمان عەبدی”، چالاکی مەدەنی و مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز، “موزەفەر ئیبراهیم پوور”، بەرپرسی ئەنجوومەنی ژینگەی سەقز، “حەسەن مەحموودی”، مامۆستای ئایینی، “عەلی حوسێنی”، ڕۆماننووس و مامۆستای زمانی ئینگلیزی، “محەممەد عابێدی”، مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز و مامۆستای موسیقی، “عەتا ڕەحمان زادە” و “هەژیر شەریفی”یان بانگ کردووە.
بانگکرانی ئەو ٨ چالاکە کوردە لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزدا لە حاڵێکدایە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان ئێران پێیان وایە بە بانگ کردنی چالاکانی مەدەنی دەتوانن پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز بگرن.
سەرچاوەیەکی زنیک لەو کەسانە لە شاری سەقز کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەو پێوەنییەدا دەڵێ، ئێستا شاری سەقز ئەمنییەتی کراوە و هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی لە هەوڵ دان پێش بە شادی و خۆشی خەڵکی ئەو شارە بگرن.
چالاکانی مەدەنیی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی”نەورۆزی خاکیپۆشەکان” داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز دا بەشداری بکەن.
شایانی باسە ئەو بانگەواز و کردەوەیەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی توڕە کردووە.