مەحموود ئەحمەدینژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران لە دوو نامەدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کردووە کە ماوەی ٤٠ ساڵە لە ئێران هیچ چەشنە ئازادییەک بوونی نیە.
مەحموود ئەحمەدینژاد لەو نامەیەدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بارودۆخی ئێران، داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە پێکهاتەی هەندێک دامەزراوەی وەک مەجلیسی بژێرەکان، دەزگای دادوەری کردووە و هاوکات دەڵێ دەبێ هێزە نیزامییەکان دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیدا نەکەن.
ئەو ٢ نامەیەی ئەحمەدینژاد، لە دوو کاتی جیاوازدا بۆ خامنەیی نووسراون کە لە وەڵامدا خامنەیی، ئەحمەدینژادی بەوە تاوانبار کرد کە بەم کارانەی “ئەرکی دوژمن لە نێوخۆی ئێران” جێبەجێ دەکا.
سەرکۆماری پێشووی ئێران، پێداگریی لەوەش کردووەتەوە کە “ناڕەزایی گشتی لە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی ئێران، زۆر فراوان و جیدییە و خەریکە بە خێرایی پەرە دەستێنێ و مەترسی هەڵایسانی شۆڕشی لێدەکەوێتەوە”.
شایانی باسە لە ماوەی یەک حەوتوودا ٢و ڕاوێژکاری ئەحمەدینژاد “حەمید بەقایی و ئیسفەندیار ڕەحیم مەشایی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران و دەزگای داوەرییەوە دەستگیر کراون.