بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی ڕەبەتەوە پێمان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەمە ٢٧ی ڕەشەمە، دایە مێرێ هاوسەری رەوانشاد سۆفی ڕەسووڵ حەسەنزادە(ڕەسوو جۆڵا) و دایکی پێشمەرگەی شەهید، محەممەد حەسەن زادە کۆچیدوایی کرد.
دایە مێرێ هەر تەنیا دایکی شەهیدێکی دێموکرات و هاوسەری کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری ناوچەکە نەبوو، بەڵکوو بۆ خۆشی ژنێکی بەڕێز و دڵسۆز، دایکێکی پێشمەرگە پارێز و حیزبدۆست بوو. بۆ وەبیرهێنانەوە، محەممەدی کوڕی دایەمێرێ، خەڵکی گوندی “گۆڵێ”ی ناوچەی رەبەت، ساڵی ١٣٦١، کە هێشتا تازە لاوێک بوو و هاتبووە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات، بە هۆی تەقینەوە لە شوێنێک بە ناوی “دۆڵهەرزن” گیانی لە دەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدان.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیدوایی دایە مێرێ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و هەموو خەڵکی ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت دەکا و، خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.