ئیسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی، سه‌رۆكی ده‌فته‌ری سه‌ركۆماری پێشوو ئێران ده‌سبه‌سه‌ر كرا.
وێب سایتی “ده‌وڵه‌تی به‌هار” كه سه‌ر به جه‌ناحی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی‌نژاد، سه‌ركۆماری پێشووی ئێرانه ڕایگه‌یاند كه سه‌ر له ئێواره‌ی ڕۆژی ڕابردوو، ئیسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی، سه‌رۆكی ده‌فته‌ری ئه‌و كاتی ناوبراو ده‌سبه‌سه‌ر كرا و، پێش ده‌سبه‌سه‌ركرانی سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی حه‌مید به‌قایی كردبوو كه ئه‌ویش جێگری سه‌ركۆماری ئه‌و كات بوو كه له لایه‌ن باڵی توندڕه‌وی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌سبه‌سه‌ر كراوه.
داستانی تاران ڕایگه‌یاند كه ده‌سبه‌سه‌ركرانی ڕه‌حیم مه‌شایی بۆ ورگرتنی هێندێك زانیارییه و لێكۆڵینه‌وه‌یه.
مێهران عه‌بدوڵاپوور، پارێزه‌ری ناوبراو به ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگه‌یاند كه هۆكاری ده‌سبه‌سه‌ركرانی مه‌شایی سووتاندنی حوكمی زیندانیكردنی حه‌مید به‌قایی له به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ی بریتانیا له تاران بووه.
كێشه و ململانێی نێوان جه‌ناحی ئه‌حمه‌دی نژاد و ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی به تایبه‌تی ده‌زگای قه‌زایی چه‌ند مانگێكه ده‌ستی پێكردووه. ئه‌و شه‌ڕه دوای ده‌سبه‌سه‌ركرانی حه‌مید به‌قایی به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ماڵی، پێی له قۆناخێكی دیكه نا.
ناوبراو له كاتی سووتاندنی حوكمی زیندانی كردنی به‌قایی گوتی، “ده‌زانم تۆڵه‌م لێده‌كه‌نه‌وه.”
پێشتریش مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ مه‌شایی به تۆمه‌تی بێڕێزیكردن به ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، هه‌وڵدانی دژی ئه‌منیه‌تی میللی، داگیركردنی ناقانوونیی مڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت، بێڕێزیكردن به كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم و بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ” له لایه‌ن دادسه‌راوه بانگ كرابوو.
سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌حمه‌دی‌نژاد مه‌شایی وه‌ك جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆماری دیاری كرا كه له لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه به خێرایی وه‌لانرا.
مه‌حموود ئه‌حمه‌دی‌نژاد، ڕۆژی ڕابردوو له كاردانه‌وه‌ی ده‌سبه‌سه‌ركرانی ئیسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی، “فشارهێنان بۆسه‌ر هاوكار و هاوبیرانی من نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ڕووداوێكی گه‌وره ده‌قه‌ومێ. كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم یاری به چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.”
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌ه‌یدا هاتووه كه هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی ده‌زگای قه‌زایی ماشێنی مه‌شاییان ڕاگرتووه و به بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ تاوانێكی هه‌بێ ده‌سبه‌سه‌ریان كردووه.
مه‌شایی پێش ئه‌وه‌ی كه ده‌سبه‌سه‌ر بكرێ قه‌راربوو گرته ویدئۆیه‌ك بڵاو بكاته‌وه كه به شێوه‌یه‌ك له‌قاودانی گه‌نده‌ڵییه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمه.