برایم ئاکیشی مامۆستایەکی خۆشناو و نیشتماندۆست لە ناوچەی پیرانشار، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە پیرانشارەوە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ٩٦ی هەتاوی برایم ئاکیشی دۆستی وەفاداری دێموکراتەکان و، مامۆستایەکی بەهەست وهەڵوێستی قوتابخانەکانی پیرانشار بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
ئەو مامۆستا دەروەست و دڵسۆزە، خەڵکی ناوچەی مەنگۆڕایەتی بوو، کە ساڵانێک لە قوتابخانەکانی پیرانشار وانەی گوتوتەوەو هێچ کات لە خەمی گەل و نیشتمانی غافڵ نەبووەو هەمووکات قوتابیانی فێری وانەی خۆشویستنی نیشتمان کردوە.
برایم ئاکیشی ماوەیەک زۆریش وەکوو ئەندامێکی هەڵسووڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تا دوایین هەناسەی ژیانی بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد وەفادار مایەوە.
برایم ئاکیشی وەکوو بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی کوردپەروەری گەلەکەمان، منداڵانی بە هەستی کوردانە و مرۆڤانەوە پەروەردە دەکرد و، هەرئەوەش بۆ بە هۆی ئەوەی لە ناوچەی پیرانشار جێگای ڕێزو و حورمەتی تایبەتی هەبێ.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پرسەو سەرەخۆشی کردن لە کۆمەڵگەی مامۆستایانی نیشتماندۆستی کورد، بەتایبەتی بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری خوالێخۆشبوو برایم ئاکیشی ، خۆی لە خەمیان بەشدار و شەریک دەزانێ.