یەکێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کە ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بووە، لە ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتووە لە دوایین رۆژەکانی حەوتووی ڕابردوو فەتاح ئەمینی ناسراو بە فەتاح تەهای مەلا عەوڵا، خەڵکی گوندی گورگاوێ بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
ئەوخۆشەویستەمان لە دوای هاتنەسەکاری کۆماری ئیسلامی و هێرش بۆ سەر کوردستان تا ساڵی ٦٣ی هەتاوی لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا بەرگری لە خاک و وڵات کرد و پاشان بە هۆی کێشەی تاکەکەسییەوە گەڕاوەتە سەر ژیانی ئاسایی.
شیاوی باسە هاوڕێ فەتاح ئەمینی لەدایکبووی بنەماڵەیەکی ناودارو کوردپەروەر بوو، لە ناوچەی شنۆ و، باوکی ناوبراو تەهای ئەمینی یەکێک لە ئەندامانی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات بووە.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو فەتاح ئەمینی و سەرجەم کەسوکاری ئەو ئازیزە، خۆێ لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.