کەسێکی کوردی یارسانی ، خەڵکی شاری سەرپێڵیزەهاو، کە ماوەی زیاتر لە ٤٥ ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان کەسێک یارسانی بە ناوی “فەرزاد ڕۆستەمی” کوڕی خەمان کورد، خەڵکی شاری سەرپێڵیزەهاو، کە لە نائارامییەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستان و ئێران لە شاری کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
کەسێک لە نزیکانی ناوبراو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ڕایگەیاند ، ئەو هاووڵاتییە یارسانییە، لە سەرەتای دەسبەسەر کرانی لە شاری کرماشان، تا کاتی ئامادەکرانی ئە هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نیە.
سەرەڕای بەدواداچوون و هەوڵی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەنەتەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.
هەروەها ئەوە سەرچاوەیە دەڵێ، هێزە ئەمنییەتییەکان هۆشداریان بەو بنەماڵەیە داوە، نابێ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان باسی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان بکەن، دەنا لەگەڵ کێشە قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.