لە شاری مەهاباد بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و هەورەها بە مەبەستی بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێرناوی “نەورۆزی پێکەوەبوون” چالاکیی تەبلیغی کرا.
ڕۆژی چوارشمەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد بە بۆنەوەی بەڕێوەبردنی “نەورۆزێکی بەشکۆ” چالاکیی تەبلیغاتییان بەرێوەبرد.
ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو چالاکییە تەبلیغییەدا لە چەندین شوێنی بەرچاوی شاری مەهاباد، تراکت و نووسراوەی پێوەندیداریان بڵاو کردەوە.
ئەوشوێنانەی لە شاری مەهاباد کە بەبۆنەی نەورۆزەوە چالاکیی تێدا کراون بریتین لە: گەڕەکی جانبازان و ئازادەگان، وباخی میکائیل و چەندین شوێنی دیکەی ئەوشارە.
شیاوی باسە حەوتەی لەمەو پێش ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە یەکێک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانە، بانگەوازێکی ڕوو بەسەرجەم خەڵکی کوردستان لە ژێرناوی ” نەورۆزی پێکەوەبوون” بە مەبەستی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش بڵاوکردەوە.
لەبەشێک لە بانگەوازی هاوبەشی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا هاتووە: بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان ڕەمزی سەرکەوتنمانە. لەم ڕوانگەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و ڕوحی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی_دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ڕیزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.