هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سەردانی ئەو حیزبەی کرد.
پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی هەیئەتێکی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی بەرێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزب بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی ئەم حیزبەی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حدکاوە بە سەرپەرەستی بەرێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە سەرەتای ئەم دیارەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی حدکاوە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی زیاتر لە خەبات و تێکۆشاندا بۆ خواستن کە، لە لایەن هەیئەتی خانەخوێوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا کۆمەڵێک باسی تایبەت بە هێندێک رووداوی سیاسیی ناوچەکە و پێوەندیدار بە پرسی کورد هاتنە ئاراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لە سەرکرا. هەر لەم دیدارەدا پێداگری لە سەر درێژەدان بە کاری هاوبەش و یەکریزی هێزە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ یەکبوون و پێکەوە کارکردنی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.