ئیدارەی ئیتلاعاتو ناوەندە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد هەڕەشەیان لە بنەماڵەی مەنسوور ئاروەند کردوە کە نابێ سەرەخۆشیی بۆ دابنێن.
بە گوێرەی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاربەدەستانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، جگە لەوەی ئامادە نەبوون تەرمی شەهید مەنسوور ئاروەند بدەنەوە بە بنەماڵەکەی، هەڕەشەشیان لێ کردوون کە نابێ پرسە و ڕێورەسمی شایان بۆ مەرگی ڕۆڵەی ئێعدامکراویان بگرن.
ئەو هەواڵەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب ئاماژە بەوە دەکا کە بەو حاڵەش خەڵکێکی زۆر بۆ هاودەردی لە گەڵ بنەمالەی ئەو شەهیدە، لە بەر دەرگای ماڵیان کۆبوونەتەوەو ئامادەییان بۆ بەڕیوەبردنی پرسە و هاودەردی راگەیاندوە. دوا بە دوای کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد لە بەر دەرگای ماڵی شەهید مەنسوور ئاروەند، بەکرێگیراوانی سەر بە ئیتلاعات و سوپای پاسداران بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک خۆیان گەیاندە بەردەرگای بنەماڵەی ئەو شەهیدە. کاتێک دەستیان کرد بە هەڕەشە و بێڕێزی بە خەڵکی ماتەمبار، سامان، برای بچووکی شەهید مەنسوور، بەرەنگاریان دەبێتەوە و بەرامبەریان دەوەستێتەوە. بەکریگیراوان پەلاماری دەبەنە سەر و سەرەرای لێدانی ناوبراو، لە گەڵ خۆیان قۆڵبەستی دەکەن و دەیبەن.