۹ چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان کە پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە لەکاتی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
سەرچاوەیەک نیزیک بە یەکیک لە گیراوانی مەریوانی بە “کوردستان وکورد”، ڕایگەیاند: دوێنی بڕیاربوو ئەو ٩ چالاکوانە مەدەنییە بە دانانی کەفاڵەت ئازاد بکرێن، بەڵام دواتر لە بەر چوارشەممە سووری و ئامادەباشی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بە بڕیاری عەلیزادە دادوەری مەریوان لە گرتووخانەدا دەمێنەوە و ئەمڕۆ بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
شیاوی باسە عەدنان حەسەنپوور بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تەمەنی و ٨کەسی دیکەش هەرکام بە بارمتەی ٥ میلیۆنی ئازاد کراون.
هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو ٩ چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە تۆمەتی “بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی لە شاری عەفرین”، دەسبەسەر کرد بوو.
هەروەها باس لە دەسبەسەرکرانی دوو ئافرەتیش دەکەن کە تائێستا شووناسیان ئاشکرا نەکراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە لە بەرەبەری بۆنەکانی نەورۆز ڕێژم ترسی لە بەڕیوەچوونی نەورۆزێکی بەشکۆ هەیە و ، هەربۆیە دەیهەوێ گووشار بخاتە سەر چالاکانی مەدەنی بۆ بەڕێوەنەچوون و ڕێگری کردنی لەم ڕێوڕەسمە.