تیرۆری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دوو حەوتووی رابردوودا، جارێکی دیکە بووە هۆی وەڕێکەوتنی هاوخەمیی خەڵک و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان. هەر لەو کاتەشدا شەپۆلێکی نوێ لە مەحکوومکردنی تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمەی لە ئاستی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکاندا بە دواوە بوو.
بە دوای تیرۆری تێکۆشەری دیرین و فەرماندەری لێوەشاوی دیموکرات هاوڕێ قادر قادری لە حەوتووی رابردوودا، ڕێبەری و نوێنەرایەتییەکانی حیزبی ئێمە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، شاهیدی هاوخەمی و هاوپێوەندیی بەرینی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بوون. حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە ناردنی دەستەی نوێنەرایەتی بۆ ڕێورەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی شەهید قادر قادری، هەر وەها بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئەو شەهیدە لە کۆیە و ستۆکهۆڵم؛ بەداخبوون و هاوخەمیی خۆیان پێراگەیاندین. لە هەر دوو ئاستی کوردستانی و ئیرانییشدا، زۆر هێز و لایەن و کەسایەتی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ناردنی پەیامی سەرەخۆشی، هاوکات لە گەڵ دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان، بە توندی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی حیزبی ئێمە و سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان مەحکووم کرد. ئەوان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە کۆمەڵگەی نیودەولەتی داواکار بوون، سنوور و بەربەست لە سەر ڕێی دەستێوەردان و چالاکیی دامودەزگا تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچە دابنێن.
جێگای ئاماژە پێکردنە کە ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و ئێران، جگە لە پێوەندیگرتن بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات بە مەبەستی سەرەخۆشی و نیشاندانی هاوخەمی، بە کار و تێکۆشانێکی بەرینی تەبلیغاتی، بەردەوامی و پێداگریی خۆیان لە سەر خەبات تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی نوێترین شەهیدەکانمان قادر قادری، تالیب بەساتیوەند و سەرجەم شەهیدانی دەستی ڕێژیمی جیبایەتکاری کۆماری ئیسلامی، دووپات کردەوە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پیزانین و سپاسی گەرمی خۆی هەمبەر ئەو هاوخەمییەی خەڵک و هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان ڕادەگەیەنێ و دڵنیایان دەکاتەوە کە دلسۆزی و پشتیوانیی ئەوان و هەڵوێستی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتمانییان لە ئاست ئەم حیزبە و لە دژی تیرۆر و تاوانەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران، دەکا بە هەوێنی خەبات و تێکۆشانی شێلگیرانەتر بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕەش و جەهەننەمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر وەها بۆ وەدیهێنانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری لە ئێران.
سڵاو لە گیانی پاکی تێکۆشەری دێرین و فەرماندەری لێهاتوو، قادر قادری!
ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی!
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٣/٣/٢٠١٨
٢٢ی رەشەمەی ١٣٩٦