کۆمەڵێک لە هەواڵنێرانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە سنە داوای هەڵسوکەوتی قەزاییان لەگەڵ ئیجلال قەوامی کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ژمارەیەک لە هەواڵنێرانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکدا بۆ داستانی گشتی و ئینقلاب لە شاری سنە، داوایان لە ناوبراو کردووە تا لەگەڵ ئیجلال قەوامی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ هەڵسوکەوتی قەزایی بکرێ.
ئەم نامەیە کە لەلایەن ١٠ کەس لە هەواڵنێرانی ماڵپەڕ و حەوتوونامەکانی سەر بە ناوەندە ئیتڵاعاتییەکانەوە ئیمزا کراوە، ئەم ڕۆژنامە نووسە کوردەیان بە “نوسینی بابەت و وتووێژ کردن لەگەڵ میدیاکانی دژە ئینقلاب” تۆمەتبار کردووە.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، فشار و بەربەستی زیاتر بۆ ئیجلال قەوامی دروست کرابوو، تا ئەو شوێنەی کە ڕێگری لە بەشداری ناوبراو لە کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکاندا کرابوو.
ئیجلال قەوامی، چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە لە ڕۆژنامەی ئێران دەست پێکردووە، لە ئێستادا وەکوو ڕۆژنامەوانێکی ناسراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی دەکا.