دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاویی، بەرامبەر بە ١٠ مارسی ٢٠١٨ی زایینی، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی سوئێد، نوێنەری بەشێکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و دەیان کەسایەتی ناسراوی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بۆ نوێترین شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان فەرماندەی لێوەشاوە و قارەمان کاک قادر قادری کە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیی دا بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیزیک ئاوایی ” بەرتەلێ” لە باشووری کوردستان شەهیدیان کرد، بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و هەروەها خولەکێک بێدەنگیی بۆ یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و وتەیەکی کورت لە لایەن ئازاد بانەیی بەڕێوەبەری کۆڕیادەکەوە دەستیپێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ کەمال گروێسی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سوید خوێندرایەوە.
دواتر خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان لە لایەن هیوا حاجی رەسووڵی و کۆڕێکی لاوانەوە پێشکەش کرا.
ئینجا رێزدار کاک خالیدی عەزیزی ئەندامی رێبەریی حیزب, وتارێکی سەبارەت بە رووداوەکە و هەلەومەرجی خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەلومەرجەدا باسکرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا پەیامی بنەماڵەی شەهید قادر قادری لە لایەن کاک ئاکام قادری کوڕی شەهید خوێندرایەوە .
هەروەها بەڕێز مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی پارچە شێعرێکی خۆی سەبارەت بە شەهید خوێندەوە.
دوایین بەشی کۆڕیادەکە تەرخان کرا بۆ خوێندنەوەی پەیامی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە جگە لە بەشدارییان، بۆ ئەم کۆڕیادەیان ناردرابوو کە بریتی بوون لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پارتی دێموکراتی کوردستان / لیژنەی ناوچەی سوئێد
پەیامی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان
پەیامی رێزدار قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان بازنەی سوئێد
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران/ کۆمیتەی سوئێد
پەیامی هاوپەیمانی بۆ دێموکراسی و دادپەروەری/ بازنەی سوئێد
پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان