تێكۆشەرانی دێموکرات لە ڕەبەت ، بە بۆنەی تیرۆرکرانی شەهید قادر قادری ، لە چالاکییەکی تەبلیغاتیدا یادی ئەو فەرماندە بەوەجەیان بەرزڕاگرت.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە لە سێ ڕۆژەی تیرۆری قادر قادری ، لایەنگەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ڕەبەت لە چالاکییەکی تەبلیغیدا یادوناوی شەهید قادرقادرییان بەرزڕاگرت.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ڕەبەت بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید قادر، لەو ڕێگایەوە هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی کردەوەی تیرۆریستی ، لە گەڵ شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە تایبەتی فەرماندەی شەهید قادر قادری پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە.
هاوکات لە شاری پیرانشاریش چالاکییەکی هاوشێوە بەڕێوەچوو.
هەروەها بەشێک لە خەمخۆرانی حیزب و گەل، نیشتەجێی شاری تاران ، بە بڵاوکردنەوەی نووسراوە و تراکتی پێوەندیدار لە گەڵ تێکۆشەرانی دێموکراتی کوردستان هاوخەمییان دەربڕی.
شیاوی باسە کادر و فەرماندەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک قادر قادری، شهوی ١٧ی ڕەشەمە لە قەزای ڕانیە کەوتە بەر دەستڕێژی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کرا.