لە ماوەی یەک حەوتوودا و لە دوو کردەوەی تیرۆریستیی جیاوازدا، چەند کەس لە ئەندامان و کادر و فەرماندەکانی حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆنی کوردی نیشتەجێ لە خاکی کوردستانی عێراق تیرۆر کران.
رۆژی پێنجشەممە ٢ی مارسی ٢٠١٨ (یازدەی رەشەمەی ١٣٩٦)، ئوتۆمبێلی سەلاح ڕەحمانی، یەکێک لە فەرماندە دێرینەکان و کوڕەکەی بە ناوی سەباح رەحمانی لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆمبڕێژ کرابوو، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تەقێندرایەوە کە لە ئاکامی ئەو ڕووداوەدا سەلاح رەحمانی بە سەختی بریندار بوو و بەداخەوە سەباحی کوڕیشی بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە چەند کاتژمێرێک دواتر و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا.
رۆژی سێشەممە ٦ی مارسی ٢٠١٨ (پازدەی رەشەمەی ١٣٩٦)، قادر قادری یەکێک لە کادر و فەرماندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلی خۆی بە سنووری بالیسانی کوردستانی عێراقدا تێپەڕیوە، کەوتووەتە بەر هێرشی گوللە و گیانی لە دەست داوە.
بەپێی بەڵگەکان و پێشینەی هەڕەشە و گوڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، لە هەر دوو ڕووداودا کۆماری ئیسلامی تۆمەتباری سەرەکییە.
تیرۆری چالاکانی سیاسی و سەرجەم ناڕازییان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەردەوام یەکێک لەو ئامرازانەی فشاری ڕێژیم بۆ کوشتار و دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕواکێ لەنێو خەڵکدا بووە، بێ خەبەر لەوەی خەڵک و بزووتنەوە بەربڵاوەکەی بەو کردەوە ناجوامێرانە و وەحشییانە لە جاران زیاتر لەسەر ویستەکانیان سوورترو پێداگرتر دەبن.
ئێمە داوا لە هەموو حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیی نیشتەجێ لە کورستانی عێراق دەکەین کە بە هاوکاری و وشیاریی هەرچی زیاتر و هەمەلایەنەترەوە پیلانە چەپەڵەکانی ڕێژیمی خوێنڕێژ و بکوژی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەنەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق راستەوخۆ بەرپرسی پاراستنی گیانی هەموو ئوپۆزیسیۆنە لە کوردستانی عێراق و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسایەتیدا بن و خوازیارین بەدواداچوون بکەن و لە دەستبەسەرکردن و سزادانی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا کەمتەرخەمی نەنوێنن.
ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە، یادی قوربانییانی ئەو دوو ڕووداوە بەرز دەنرخێنین و وێڕای هاودەردی دەگەڵ بنەماڵە و خزم و کەسوکاری کاک سەباح رەحمانی و کاک قادر قادری، هاوخەمیی خۆشمان بۆ هاوڕێیانی حیزبییان دەردەبڕین. هیواداریشین هەرچی زووتر کاک سەلاح رەحمانی باوکی جگەر سووتاو، سڵامەتی و تەندروستیی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.
کومیتەی ناوەندیی رێکخراوی یەکێتیی فدائیانی خەڵکی ئێران
16ی ڕەشەمەی 1396