وەزیری زانستەكانی ئێران دەڵێ تا كۆتایی ئەمساڵ پێداچوونهوه بەسەر ٦٠٠ لقی خوێندنی زانکۆدا دا دەكرێ كە نیوەی ئەم ڕێژەیە پێوەندی بە زانستە مرۆییەكانەوە هەیە. ناوبراو هەروەها باسی لە وەرنەگیرانی خوێندكار لە ١٦٠ لقی خوێندنی زانكۆكاندا بۆ ساڵی داهاتوودا كردووە.
محەممەد فەرهادی، وەزیری زانستەكان، لێكۆڵینەوەو پیشەسازیی ئێران دەڵێ، بەپێی گەڵاڵەی ڕێكخستنی پەروەردەی بەرز، تا كۆتایی ئەمساڵ نزیكەی ٦٠٠ لقی خوێندن لە زانكۆكان لە بواری چۆنیەتی، پێداویستی و پێویستییەوە دەكەونە بەر چاوپێداخشاندنەوەو بوونو پێویستیو مانهوهیان ههڵسهنگاندنیان بۆ دهکرێتهوه.
وهک فەرهادی دهڵێ نیوەی ئەم لقانە پێوەندییان بە بواری زانستە مرۆییەكانەوە هەیە كە لە ڕێگەی شورای ئاڵوگۆڕی زانستە مرۆییەكانهوه تاوتوێ دەكرێنهوه.
ئەم شورایە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن شورای بەرزی ئینقلابی فەرهەنگیو بە مەبەستی ئیسلامیی كردنی زانكۆكان پێك هاتووەو لە ئێستادا غوڵامعەلی حەداد عادڵ سەرۆكی ئەم شورایەیە.
جێی بیرهێنانهوهیه که سەرنجدان بە زانستە مرۆییەكان پاش ئەوە گرینگیی زیاتری پێدرا كە عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەخنەی لە ڕێژەی زۆری خوێندكارانی ئەم لقە گرتو هاوكات داوای بە ئیسلامی كردنی زانستە مرۆییەكان بوو؛ ئێستاش وێدەچێ وەزیری زانستەكانی دەوڵەتی ڕووحانیش ڕوانگەیەكی ڕەخنەگرانەی بە نیسبەت زانستە مرۆییە “نائیسلامییەكان”ەوە هەبێ و ئەویش خوازیاری پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ لەم لقەی خوێندندا بێو بیهەوێ ئەم لقەش بكاتە لقێكی ئیسلامی.